پەرلەمانتارێكی پێشوو: عەبدولمەهدی نیوەی كابینەی حكوومەتەكەی دەخاتە روو

:: PM:05:58:11/10/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی پێشووتری عێراق دووپاتی كردەوە كە بەهۆی ئەو پاڵەپەستۆ زۆرەی لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە لەسەریەتی، عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ناچارە پەنا بۆ راگەیاندنی نیوەی كابینەكەی ببات بۆ ئەوەی وادە دەستوورییەكان پێشێل نەكات.

لە سەرەتای ئەم مانگە عادل عبدولمەهدی وەك كاندیدی رێككەوتن لەسەر كراو لەلایەن هێزە براوەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هاتە راسپاردن، بەپێی دەستوور تا سێی مانگی داهاتووی لەپێشە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی كە وەك خۆی دەڵێت هەوڵی پێكهێنانی كابینەیەكی سەربەخۆ دەدات.

جاسم محەمەد جەعفەر، كە سەركردەیەكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە لەو بارەوە ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، بەهۆی زۆری ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان لەبارەی شێوازی دیاریكردنی كاندیدی وەزارەتەكان و یەكلانەبوونەوەی هیچ وەزارەتێك و نزیكبوونەوەی وادەی دەستووری بۆی دیاری كراوە، عەبدولمەهدی ناچارە نیوەی كابینەكەی لە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری بخاتە روو.

زیاتر گوتی، زۆرینەی هێزە سیاسییەكان پابەند نین بە بەڵێنەكانیان بە عەبدولمەهدی بەوەی سەرپشكە لە هەڵبژاردنی كاندیدانی وەزارەتەكەی و ئەوان كەسانی حزبی بۆ كاندید دەكەن، بۆیە بەهۆی گەورەیی ناكۆكییەكان لەبارەی میكانیزم و ئەو تایبەتمەندیانەی عەبدولمەهدی دیاری كردووەن، تا ئێستە هیچ وەزارەتێك یەكلا نەبووەتەوە. 

دووپاتی كردەوە، بۆیە عەبدولمەهدی زەحمەتە بتوانێت تەواوی ئەندامانی كابینەی حكوومەتەكەی دیاری بكات بەر لە كۆتاهاتنی ماوەی دەستووری بۆی دیاری كراوە، روونی كردەوە، ئەو بۆ تێپەڕ نەكردنی ئەو وادە دەستوورییە هەوڵ دەدات نیوەی كابینەی حكوومەتەكەی لە پەرلەمان بخاتە روو و دوای مانگێكی تریش نیوەكەی تر دەخاتە روو بۆ دەنگدان.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل