رۆژنامەیەك: عەبدولمەهدی هیچ پاڵپشتییەكی نییە و حكوومەتی عێراق بە ناتەواوی رادەگەیەنرێت

:: PM:08:16:11/10/2018 ‌

رۆژنامەیەكی لەندەنی ئاماژە دەكات كە عادل عەبدولمەهدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق هیچ پاڵپشتییەكی نییە و پاڵپشتی سەدریش لەوانەیە كاتی بێت، رۆژنامەكە پێشبینی دەكات كە بە هۆی فشاری حزبەكانەوە عەبدولمەهدی حكوومەتەكەی بە تەواوی پێشكەیش نەكات و هەندێك لە وەزارەتەكان بە وەكالەت بەڕێوە ببات.
 
 بە پێی زانیاری سەرچاوە عێراقییەكان كە بە رۆژنامەكەیان داوە هەر لایەنێك و داوای وەزارەتێك دەكات، عەسائیب ئەهلولحەق قەوارەكەی قەیس خەزعەلی داوای خوێندنی باڵا دەكەن، رەوتی حیكمەبەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم داوای وەزارەتی نەوت دەكات و لە لایەكی تریش سەلیم جبووری سەرۆكی پێشووی پەرلەمان لە هەوڵی ئەوەدایە عەبدولمەهدی رازی بكات بۆئەوەی بیكات بە وەزیری دەرەوە.

رۆژنامەكە دەڵێ هەموو ئەمانە لە كاتێدایە كە وەك حزب و فراكسیۆنی پەرلەمانی عەبدولمەهدی هیچ پاڵپشتییەكی نییە، ئەو پاڵپشتییەی لەلایەن سەدریشەوە لێی دەكرێت لەوانەیە" كاتی بێت".

 باسكردن لە چەندان ئاستەنگی تر كە لەبەردەم پێكهێنانی حكوومەتەكە هەیە وا لە رۆژنامەكە دەكات پێشبینی ئەوە بكات كە بەر تێنەپەڕاندنی وادەی دەستووری پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و نەهێشتنی كێشە حزبەكان، عەبدولمەهدی كابینەكەی بە ناتەواوی پێشكەش بكات و خۆی هەندێك وەزارەت بەوەكالەت بەڕێوە ببات.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل