پەرلەمانتارێك: خاڵە گومرگییەكانی بازگەكانی كەركووك و نەینەوا سەرچاوەی گەندەڵین

:: PM:08:36:11/10/2018 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە خاڵە گومرگییەكانی بازگەكانی هەردوو پارێزگای كەركووك و نەینەوا دەروازی گەندەڵین و چەند لایەنێكی سیاسی لە گەندەڵییەكانی لەو خاڵانە تێوەگلاون.

یەكێك لە لێكەوتەكانی ناپاكی 16ی ئۆكتۆبەری پارساڵ دانانی دوو خاڵی گومرگی بوو لە بازگەكانی كەركووك بەرەو هەولێر و سلێمانی بەناوی زیادكردنی داهات بۆ پارێزگای كەركووك، ئەوەیش لایەنە نەرێنییەكانی دەركەوت و بووە هۆی گرانبوونی نرخی كاڵاكان.

كازم شمەری پەرلەمانتاری عێراق لەوبارەوە ئەمڕۆ پێنجشەم گوتی، چەند لایەنی سیاسی و پارتەكان لەپشتەوەی حاڵەتەكانی گەندەڵین لەو خاڵە گومرگیانە و ئاماژەی كرد، ئێستە ئەو خاڵانە بوونەتە دەروازەیەك بۆ گەندەڵی و دەستكەوتنی خاوە لە شوفێرانی بارەبەر و بازرگانەكان، جیا لەوەی هیچ دەقێكی دەستووری نییە رێگە بە دانانی ئەو خاڵانە لە ناو پارێزگاكان بدات. 

زیاتر گوتی، ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی پەرلەمانی عێراق واژوویان كۆكردووەتەوە بۆ لابردنی هەموو خاڵە گومرگییەكان لە نێوان پارێزگاكان كە هۆكاری سەرەكی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكان و كەلوپەلی ناوماڵ و سەوزە و میوەن. بۆیە لە چەند رۆژی داهاتوو ئەو بابەتە لەناو پەرلەمان باسی لێوە دەكرێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل