یەپەگە: 900 چەكداری داعشمان بەدەستەوەیە

:: PM:09:21:11/10/2018 ‌

گوتەبێژ بەناوی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، دووپاتی كردەوە كە نزیكەی 900 چەكداری رێكخراوی داعشیان لە زیندانەكان لایە كە بە رەگەز بۆ 44 دەوڵەتی دنیا دەگەڕێنەوە.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە نووری مەحموود، گوتەبێژ بەناوی یەپەگەی گواستەوە كە نزیكەی 900 چەكداری تیرۆریستی رێكخراوی داعشمان لە زیندانەكان بەدەستەوەیە و ئەوان بەرەگەز بۆ 44 دەوڵەتی دنیا دەگەڕێنەوە. 

زیاتر گوتی، جەنگی دژ بەداعش بەردەوامە و تا ئێستە چەكدارانی داعش دەگرین و ئاماژەی كرد لە جەنگەكانی دوایی لەگەڵ چەكدارانی داعش ژمارەی گیراوانیان زیادی كردووە.

پێشتر دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری كوردی لە سووریا رای گەیاندبوو كە ژمارەی چەكدارانی گیراوی داعش لای ئەوان 520 چەكدارنی بیانین، وەك ئاژانسەكەیش دەڵێت، بوونی ئەو چەكدارانەی داعش و خێزانەكانیان بارگرانییە بۆ سەر كورد لە سووریا، بەتایبەتی كاتێك زۆر لە وڵاتانی چەكدارانی داعش بە رەگەز بۆیان دەگەڕێنەوە رەتی دەكەنەوە ئەوان وەربگرنەوە.  

ئەمڕۆ پێنجشەم روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاشكرای كرد، رێكخراوی تیرۆریستی داعش دڕندانەترین هێرشی كردووەتە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات كە بەو هۆیەوە دەیان كوژراو لە ریزی داعش كەوتووەتەوە.

ڕوانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، زانیاری وردی پێدراوە، كە تیرۆریستانی داعش هێرشێكی پێچەوانە و زۆر قورسیان لە چەند میحوەرێكەوە كردووەتە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ناوچەكانی باغوز و هەجین و مراشدە و سووسە لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرزووری سووریا و بە چڕی هەردوولا یەكتریان بۆردمان كردووە.

روونی كردەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشەی تیرۆریستان بۆ سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات 10 قوربانی لە ڕیزەكانی هەسەدە كەوتووەتەوە و 35 چەكداری داعشیش بەدیل گیراون و لە كۆتاییش دا دەیانیان هەڵاتوون و خۆیان ڕزگاركردووە، دوای ئەوەی هیچ گولەیەكیان پێ نەماوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل