دوای ساڵێك لە بوومەلەرزەكەی دەربەندیخان تا ئێستە قوتابخانەكان نۆژەن نەكراونەتەوە


دوای ساڵێك لە بوومەلەرزە بەهێزەكەی شارۆكەی دەربەندیخان كە بەهۆی زیان پێكەوتنیان دوو قوتابخانە چۆڵكران، بەڵام تا ئێستە بینایەی قوتابخانەكان نۆژەن نەكراونەتەوە و بەو هۆیەوە قوتابی و مامۆستاكان گوازراونەتەوە و گرفت بۆ خوێندنی هەزار خوێندكار دروست بووە.

عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان لەو بارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكەوە 26 قوتابخانە لە سنووری پەرورەدەی دەربەندیخان زیانیان بەركەوت و لە ناویشیاندا دوو قوتابخانە زیانی زۆریان بەركەوتووە و چۆڵكراون.

زیاتر گوتی، ئەو دوو قوتابخانەی چۆڵكراون و بیناكەیان تێكچووە، خوێندكارەكانیان بۆ قوتابخانەكانی تر گوازراونەتەوە و ژمارەی ئەو قوتابیانەیش كە گوزاراونەتەوە نزیكەی هەزار خوێندكار دەبێت و مامۆستا و فەرمانبەر و كارگوزارەكانیش چوونەتە ئەو قوتابخانانەی كە قوتابییەكانی بۆ گوازراونەتەوە.

هەوڵ دەدەین بە زووترین كات ئەو كێشانە چارەسەر بكەین و قوتابی و خوێندكارەكان بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانەكانی خۆیان، چونكە قوتابییەكان كە گوازراونەتەوە لە هەموو قۆناغەكانی خوێندنی تێدایەوە و چوونەتە ئەو دوو قوتابخانە كە ئەوانیش بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان  بەركەوتبوو، محەمەد وای گوت.

لای خۆیەوە ناسیح مەلا حەسەن، قایمقامی شارۆكەی دەربەندیخان بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بوومەلەرزەكەی ساڵی رابردوو كە لە مانگی تشرینی دووەم رووی دا، بنكەی تەندروستی و قوتابخانە و بینا حكومییەكانی دەربەندیخان زیانی زۆریان بەركەوتووە و بەوهۆیەوە چەند قوتابخانە و نەخۆشخانەیەك چۆڵ كراون.

زیاتر گوتی، بنكەی شەهید تۆفیق چۆڵكراوە و كاری تێدا دەكرێت، بنكەی تەندروستی شەهید حەمید چۆڵكراوە بۆ ئەوەی لە بناغەوە بڕووخێنرێت و شوێن بۆ ئەو دوو بنكەیە دابین كراوە بۆ گواستنەوە.

قایمقامی دەربەندیخان روونی كردەوە، دوو قوتابخانە و خوێندنگا كە زیانی زۆریان بەركەوتبوو بەهۆی بومەلەرزەكەوە، تا ئێستا نۆژەن نەكراونەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری نۆژەنكردنەوەیان دەكەین.

ساڵی رابردوو لە 11ی تشرینی دووەم، بوومەلەرزەیەك بە گوری شەش پلەی رێختەر لە هەرێمی كوردستانی دا و لە دەربەندیخان سەرەڕای زیانگەیاندن بە ژمارەیەك فەرمانگە حكوومەتییەكان، بە قورسی زیان بە بەنداوی دەربەندیخانیش كەوت و ئێستە كار بۆ چاككردنەوەی زیانەكان دەكرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل


PM:09:42:11/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 281 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌