نووسەرێك: ترەمپ 35 ساڵە پێوەندی لەگەڵ مافیا رووسییەكان هەیە

:: PM:10:29:11/10/2018 ‌

لێكۆڵەر و رۆژنامەوانێكی جیهانی چەند نهێنییەكی ورد و نەبیستراو لەبارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئاشكرا دەكات و دەڵێت ئەو بووكەڵەی دەستی رووسییەكانە و 35 ساڵە پێوەندی لەگەڵ مافیا رووسییەكان هەیە. 

كرێگ ئانگەر، لێكۆڵەر و رۆژنامەوان خاوەنی كتێبی بەناوبانگی "بنەماڵەی تڕەمپ، بنەماڵەی پووتین: چیڕۆكە نەوتراوەكەی تڕەمپ و مافیا ڕووسییەكان"، لە چاوپێكەوتنێكدا لە ماڵپەڕی "ساڵۆن"، نهێنی ورد و نەبیستراو لەبارەی ترەمپەوە دەدركێنێت و دەڵێتن سەرۆكی ئەمەریكا بووكەڵەی دەستی رووسییەكانە.

كرێگ ئاماژە دەكات، دۆناڵد ترەمپ بۆ ماوەی ٣٥ ساڵە پێوەندی لەگەڵ مافیا رووسییەكاندا هەیە وموڵكەكانی پارەی بۆ ئەوان سپی كردووەتەوە و مافیا رووسییەكان پێوەستن بە هەواڵگری رووسییەوە و لە بینای ترەمپدا دەژین و ژیاون. بۆیە ترەمپ هاوئاهەنگی لەگەڵدا كردوون و بە زۆر شێوە تەنازولی بۆ كردوون.

لە درێژەی قسەكانیدا كرێگ گوتی، "پوتین مافیا رووسییەكان وەك چەكێك بەكاردێنێت. شتێك هەیە زۆرینەی ئەمەریكاییەكان لێی تێ ناگەن، راستە یەكێتی سۆڤییەت رووخا، بەڵام رووسیا كۆڵی نەدا و چەندان كۆمپانیای دامەزراند. بۆیە دوای رووخانی یەكێتی سۆڤییەت چەندان تریلیۆن دۆلار هەبوو دەبوایە سپی بكرێتەوە، ئەمەیش لە رێگەی خانووبەرەوە دەكرا و بۆ ئەمەیش ترەمپ بێ ئەوەی پرسیار بكات ئامادە بوو.

كرێگ زیاتر گوتی، "لە كاتێكدا ترەمپ قەرزار بووە مافیا رووسییەكان یارمەتییان داوە، ترەمپیش لەبەرانبەردا هەر لە ساڵی ١٩٨٤ەوە دەستی كردووە بە سپیكردنەوە پارە بۆ مافیاكانی رووسیا، چەندان چەتەیش سەردانی تاوەرەكەیان كردووە. مافیاكان ترەمپیان بە موڵكی خۆیان كردووە پێش ئەوەی چاوی بە پووتین كەوتبێ. بەمەیش هەر لە زووەوە ناراستەوخۆ پێوەندی لەگەڵ پووتین هەبووە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی رووسییەكان چییان لە ترەمپ دەوێت؟، كرێگ وەڵامی دایەوە، "پووتین دەیەوێت جەنگ دژی هاوپەیمانی رۆژاوایی بكات و لەناوی ببات، بۆ ئەمەیش پووتین، ترەمپ و كۆمارییەكانی بە بژاردەیەكی باش زانیوە، بۆیە بڕوام وایە ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی ئەمەریكای دیاری كردووە و هەڵبژاردووە تا فرمانەكانی جێبەجێ بكات، ئەمە تەنگژەیەكی مان و نەمانە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بۆیە ئەمەریكییەكان باشترە رابن، لەبەرئەوەی دیموكراسییەكەمان لە مەترسیدایە.

وشە/ محەمەد شابان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل