بڕیارە ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەر لە شاری هەولێر گردبوونەوەیەكی ناڕەزایەتی لە بەردەم نووسینگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوە بچێت.
ئەمڕۆ شەموو 13ـی تشرینی یەكەم، بەپێی ئەو ئاگەدارییەی بۆ "وشە" نێردراوە و تێیدا هاتووە، لە یەكەمین ساڵوەگەڕی داگیركرنی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر گردبوونەوەیەك ئەنجام دەدرێت.
ئاماژە دراوە، بەدروشمی كۆتاییهێنان بە داگیركاری و چەوساندنەوەی گەلی كورد ژمارەیەك لە ڕێكخراوە مەدەنییەكانی هەولێر و چالاكان گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی ساز دەكەن و یاداشتێك ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەكرێت.
ئاشكرا كراوە گردبوونەوەكە ڕۆژی سێشەم لە 16ـی ئۆكتۆبەر بەڕێوە دەچێت لە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ لە بەردەم نووسینگەی پەرلەمانی عێراق لە هەولێر.
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی یەكێتی لە بەرانبەر بە قاچاخبردنی نەوتی كەركووك، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجام دا و كەركووكیان ڕادەستی میلشیاكان كرد، بەوهۆیەوە 170 هەزار هاووڵاتی كورد ئاوارە بوون و دوو هەزار خانوو و دووكانی كورد لە خورماتوو و ناوچەكانی تر سووتێنران و تەقێنرانەوە، تاڵانی و كوشتوبڕی كورد بووەتە دیاردەیەكی ئاسایی و بە عەرەبكردن بە چڕی دەستی پێ كردووەتەوە و زمانی كوردی لە ناوچەكە قەدەغە كراوە.