ئەمەریکا چوارەم بڕە پارە بۆ پێشمەرگە دەنێرێت

:: AM:09:09:16/12/2016 ‌

ئەمیندارى گشتیى وەزارەتى پێشمەرگە ئاشکراى دەکات، ئەمەریکا چوارەم بڕە پارە بۆ هاوکارى هێزەکانى پێشمەرگە دەنێرێت، لە چوارچێوەى ئەو 415 ملیۆن دۆلارەى پێشتر بڕیارى لەسەر داوە بۆ هاوکارى پێشمەرگە، بەڵام رەوانەکردنى پارەکە بەسەر 12 مانگدا دابەش کراوە و بەش بەش دەنێردرێت.

جەبار یاوەر ئەمیندارى گشتیی وەزارەتى پێشمەرگەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە "وشە"ى ڕاگەیاند، لە کۆى ئەو بڕە پارەیەى کە ئەمەریکا وەک هاوکارى بۆ هێزەکانى پێشمەرگە بڕیارى لەسەر داوە، تەنیا سێ بڕە پارە گەیشتووە و ئێستە چاوەڕوانى گەیشتنى بڕە پارەى چوارەم دەکەن.

زیاتر دەڵێ، "ئەو بڕە پارەیە بەسەر 36 هەزار پێشمەرگەدا دابەش دەکرێت کە لە چوارچێوەى چەند لیوایەکدا رێک خراون".

پێشتر ئەمەریکا بڕیاری دا بە بڕى 415 ملیۆن دۆلار هاوکارى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان بکات لە جەنگى دژ بە چەکدارانى داعش.

یاوەر زیاتر دەڵێ، "ئەو پارەیە هیچى بۆ کارگێڕیى وەزارەتى پێشمەرگە خەرج ناکرێت، تەنیا بۆ پێشمەرگەى لیواکان دەبێت، هەروەها مانگانە ئەم بڕە پارەیە بەو شێوەیە دابەش دەکرێت کە وەک چۆن پێشمەرگەیەکى تر مووچە وەردەگرێت".

ئەمیندارى گشتیى پێشمەرگە ئاشکراى  کرد، "مانگانە پارەکە دەگاتە وەزارەتى پێشمەرگە و پارەکە لە وەزارەتدا لەگەڵ مووچەى هێزەکانى ترى پێشمەرگە رێک دەخرێت و دابەش دەکرێت".

سەرۆکى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە لە پەرلەمانى کوردستان دووپات لەوە دەکاتەوە کە تەنیا سێ بڕە پارە لە کۆى ئەو پارەیەى ئەمەریکا بڕیارى لەسەر داوە، گەیشتووەتە پێشمەرگە.

ئارى هەرسین بە "وشە" دەڵێ، "پارەکەى حکوومەتى ئەمەریکا بۆ 14 لیوا هاوبەشەکەى وەزارەتى پێشمەرگەیە کە بەشێوەیەکى نیزامى ڕێک خراونەتەوە".

ئەم بڕە پارەیەى کە وەزارەتى بەرگریى ئەمەریکا بڕیارى داوە بۆ هێزەکانى پێشمەرگەى خەرجى بکات، بەسەر 12 مانگدا دابەش کراوە و بەپێى مانگەکان بەش بەش رەوانە دەکرێت.

وەک سەرۆکى لیژنەى کاروبارى پێشمەرگە روونى دەکاتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە ئەمەریکا مانگانە 37 ملیۆن دۆلار دەنێرێت.

هەرسین ئاشکراى کرد، "ئەو بڕە پارەیەى هەیە تەنیا بەشى کەمێک زیاتر 30%ى مووچەى ئەم 14 لیوایەیە بۆ هەر مانگێک و بەشى تەواوى خەرجی مووچەى هێزەکانى پێشمەرگە ناکات".





وشە - تایبه‌ت