توێژەرێكی كۆمەڵایەتی هۆشداری بە هاووڵاتییان دەدات كە ڕێی چوونە ئەوروپا نەگرنەبەر و هەر بەلەمێك بچێتە دەریاچەی ئیجە رزگاری نابێت و نقوم دەبێت.
ئەمڕۆ شەموو 13ـی تشرینی یەكەم، كامەران حوسێن توێژەری كۆمەڵایەتی لە توركیا لەڕێی "وشە"ەوە داواكارییەك ئاراستەی دایك و باوكی گەنجان دەكات و ئاشكرای دەكات هەرچی یەختی پەنابەرانە دەربازی نابێت و نقوم دەبێت.
ئەو توێژەرە ئاشكرای كرد، بەهۆی بوونی ڕەشابەیەكی بەهێز و دەستپێكی وەرزی زستان لەو ناوچەیە، هەرچی یەخت و بەلەم هەیە ناتوانرێت لە دەریاچەی ئیجە بپەڕێتەوە، بۆیە پێویستە خەڵك هۆشیار ببنەوە.
فیدڕاسۆنی پەنابەران ئاشكرای كردووە لە ڕووداویەك لە 10ـی تشرینی یەكەم لە بەلەمێكی پەنابەران لە دەریاچەی ئیجە 35 هاووڵاتی خنكان كە 16یان كوردن.
بەدوو ڕۆژ پێش ئەو ڕووداوە "وشە" لە ڕێی ڕاپۆرتێكی ئاشكرای كردبوو كە قاچاخچییەكان گەنجی كورد لە دەریا دەكەن و دەیانخنكێنن.
دەریای ئێژە یان ئیجە كە یەكێكە لە لقەكانی دەریای ناوین، درێژییەكەی پێنج هەزار و 643 كم و پانییەكەی 322 كم، دەكەوێتە نێوان نیمچەدوورگەی یۆنانی و ئەنادۆڵەوە، دەگات بە دەریای مەڕمەڕە لە ڕێی گەرووی دەردەنیلەوە و بەسەر توركیا و یۆناندا دەڕوانێت، ئێستە ئەو شوێنە بووەتە مۆتەكەیەكی ڕاستەقینەی ژیانی گەنجانی كورد و نەتەوەكانی تر، بەجۆرێك ئەمساڵ زیاتر لە 53 گەنجی كورد تێیدا خنكاون و بێ سەروشوێن بوون.