ڕوونكردنەوە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی چەند كاڵایەك دەدرێت

:: PM:01:09:13/10/2018 ‌
سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردەكارانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە لەسەر گرانبوونی هەندێك كاڵا دەدات و ئاشكرای دەكات، هەوڵ دەدەن لە ڕێی وڵاتانی تر ئەو شتانە دابین بكەن.

ئەمڕۆ شەموو 13ـی تشرینی یەكەم، مستەفا عەبدوڕەحمان سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، گرانبوونی نرخی كاڵاكان ئەوەیە ئێران لەم كاتەدا ناتوانێ هەندێك كاڵا بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، هەروەها ئێستە بە دوای سەرچاوەی تردا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان كەموكورتییان بۆ دروست نەبێت.

سەرۆكی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان ئاشكرای كرد، هەرێمی كوردستان دەرفەتی فراوانی بۆ بازرگانی هەیە و دەروازەیەكیشە بۆ شارەكانی عێراق، هەروەها ئێستە دەتوانین لەگەڵ ئەو شاندانەی هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كارەكانی خۆمان ئەنجام بدەین و ئێمە خۆشحاڵین بەهاتنیان.

ئێستە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا گرانی بوونی نییە و هەوڵ دەدەین بازرگانەكانی ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت توركیا ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئەنجام بدەن. ئەوە مستەفا وای گوت.

ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو گرانبوونی چەند خۆراكێك لە هەرێمی كوردستان هەستی پێ‌ دەكرا ئەوەش دوای ڕێوشوێنی ناوخۆ وڵاتی ئێران بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لە گرانبوونی ناوخۆیی.



وشە - رامیار جەواد