دووشەم مووچەی ئەم توێژە دابەش دەكرێت

:: PM:09:36:13/10/2018 ‌

سەرۆكی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان رای دەگەیەنێت كە لەلایەن نووسینگەی وەزیری داراییەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەم هەفتەیە مووچەی كەمئەندامان دابەش دەكرێت.

سامان حوسێن، سەرۆكی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی راگەیاند، سەعات 8:30 خولەكی ئەمشەو لەلایەن نووسینگەی وەزیری دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار كراینەوە كە رۆژی دووشەم مووچەی كەمئەندامان دابەش دەكرێت.

زیاتر گوتی، مووچەی كەمئدامان بە هەمان شێوەی مووچەی وەزارەتەكانی تر هی مانگی تەمووزی ٢٠١٨‌ ەیە و مووچەی كەمئدامانیش لە ٦٠ هەزارەوە بۆ ١٢٠ هەزار دینارە.

حوسێن دووپاتی كردەوە، مووچەی هیچ كەمئەندامێك نەبڕاوە و مووچەی تەواوی كەمئەندامان دابەش دەكرێت، ئەوانەیشی لە پشكنین بە هەر هۆكارێك بێت دەرنەچوون، بۆیە پێویستە رۆژی دووشەم تەواوی كەمئەندامان بچنە بانك و مووچەكانیان وەرگرن.

ئەمە و بڕیارە سبەی یەكشەم مووچەی وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و سامانە سروشتییەكان و داد و ئەنجوومەنی دادوەری دابەش بكرێت، لەو كاتەی لە شەشی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی تەمووزی 2018 كرد. 

لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە ١٠٠ هەزار كەمئەندام مووچە وەردەگرن و بەپێی سیستمی پاشەكەوت مووچەكانیان لە ٦٠ هەزارەوەیە بۆ ١٢٠ هەزار دینار.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل