باوكی دوو خوێندكاری كەمئەندام: ئەوان زیرەكن بەڵام توانای نووسینەوەیان نییە

:: PM:10:11:13/10/2018 ‌

بەهنام و بڕوا، دوو منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتن لە سەیدسادق، ئەوان لە پۆلی پێنجی بنەڕەتین و باوكیان ڕۆژانە چەندین كیلۆمەتر پاڵ بە كورسی كەمئەندامی منداڵەكانییەوە دەنێت و دەیانگەیەنێتە هۆڵەكانی خوێندن، ئەمەیش ناڕەحەتی بۆ بەهنام و بڕوا و باوكیشیان دروست كردووە.

بەهنام تەمەنی ١٤ ساڵە و بڕواش تەمەنی ١٢ ساڵە، خاوەن پێداویستی تایبەتن و هەر لە زگماكییەوە تووشی ئیفلیجی لە دەست و قاچیاندا بوون و ناتوانن رێبكەن، بۆیە لەسەر كورسی خاوەن پێداویستی تایبەت دەمێننەوە، بەهنام و بڕوا هەردووكیان خوێندكاری قۆناغی پێنجی بنەڕەتین لە قۆتابخانەی چناری بنەڕەتی لە شارۆچەی سەیدسادقی سەر بە پارێزگای سلێمانین.

باوكیان كە ناوی فەتاح تاهیرە كارگوزارە لە هەمان قوتابخانە و ڕۆژانە چەند كیلۆمەترێك پاڵ بە كورسی كەمئەندامی منداڵەكانییەوە دەنێت و ملی ڕێگەی قۆوتابخانە دەگرنەبەر، تاوەكو منداڵەكانی بۆ خوێندن و خۆیشی بۆ كاركردن بچن.

بەهنام و بڕوا توانای هیچ شتێكیان نییە لە ژیان لە ڕووی نانخواردن و خۆگۆڕین و دانیشتن و هەستانەوە، بەڵكو دایك و باوكیان هاوكاریان دەكەن و ئیشەكانی ڕۆژانەی منداڵەكانیان دەكەن، فەتاحی باوكیان بۆ"وشە" گوتی، ئەوان لە خوێندنیشدا زیرەكن، بەڵام توانای نووسینەوەی وانەكانیان نییە لەسەر كاغەز و دەفتەر و مامۆستاكان یان باوكیان وانەكانیان بۆ دەنووسنەوە، بەڵام توانای بەكارهێنانی ئایپادیان هەیە و دەتوانن لەسەر ئایپاد شت بنووسن.

بە هەردوو دوو منداڵ كورسییەكی كەمئەندامیان هەیە كە شیاو نییە بۆیان و ئازاریان دەدات، باوكیان داواكارە كە كورسییەكی باش بۆ منداڵەكانیان دابین بكرێت، تاوەكو لەو رێگەیەوە هەم منداڵەكانی ئیسراحەت بكەن هەمیش خۆی، لەبەرئەوەی ئەو كورسییەی ئێستایان بچووكبووەتەوە.

گەورەترین كێشە و ناڕەحەتی كە رووبەڕووی باوكی بەهنام و بڕوا دەبێتەوە ئەوەیە كە هۆڵی خوێندنی دوو كوڕەكەی لە نهۆمەكانی سەرەوەیە و ڕۆژانە باوكیان هەنگاو بە هەنگاو منداڵەكانی لەسەر كورسییەكان دەباتە سەرەوە، ئەمیش ئەركی باوكەكەی قوڕستر كردووە.

تەنها بەهنام و بڕوا نین لەو خێزانەدا كە كێشەی تەندروستیان هەبێت، خوشكەكەشیان كە تەمەنی پێنج ساڵە و ناوی شەنگوڵە، دەمارێكی لاوازە و لەكاتی كەوتنیدا توانای هەستانەوەی نییە.

سامان حسێن، لێپرسراوی گشتی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان، سەبارەت كە گرفتەكانی بەردەم خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە كەرتی  پەروەردەدا بۆ " وشە" گوتی، هەموو ساڵێك كە وەرزی خوێندن دێت كۆمەڵێك گیروگرفت ڕوو لە خوێندكارانی خاوەن پێداویستی تایبەت دەكات، بەتایبەت بەهۆی نەبوونی پێداویستی هاتوچۆ و نەگونجانی خوێندنگەكان و نەبوونی عارەبانەی تایبەت و ئێستە تەنگژەی دارایشی هاتوەتە سەر و ئەەندەی تر كێشە و گیروگرفتەكانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان زیاتر بووە.

ئاماژەی بەوەیش دا، ئێستە زیاتر لە 150 خوێندكاری كەمئەندام هەیە كە هەژارن و پێویستیان بە پێداویستییەكانی خوێندن هەیە هەر لە دەفتەر و پێنووس و جانتا و كەلوپەلەكانی تریش، هەروەها نەبوونی پارە بۆ دابینكردنی پاس یان تەكسی بۆ هاتوچۆی منداڵەكانیان، كۆمەڵێك كێشەی تر هەن لە خوێندنگاكاندا كە خوێندكارە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە نهۆمی دووەمی خوێندنگاكاندان یان خوێندنگاكان سكەی (رەمپا)ی تایبەت بە خاوەن پێداویستی تایبەتی تێدا نییە بۆ گەیشتن بە نهۆمی دووەمی خوێندنگاكان، بەگشتی شوێنەكان گونجاو نییە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و حكوومەتیش چەندین ساڵە  بەرنامەی داناوە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە، بەڵام تا ئێستە چارەسەری گرفتەكانیان نەكراوە.

ئەو لێپرسراوەی یەكێتی كەمئەندامانی كوردستان روونی كردەوە، داواكارین و پێویسە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پەروەردە كارئاسانی بكەن بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان و بەڕێوەبەری خوێندنگاكان كە هۆڵی تایبەت و تەختەڕەشی تایبەت و دەستشۆری تایبەت و مامۆستای كۆمەڵایەتی تایبەتیان بۆ دابین بكرێت، تا لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان تێبگات.

هەروەها دلێر شێخ جەبار، لێپرسراوی راگەیاندنی كۆمەڵەی ڕۆژ بۆ كەمئەندامان، تیشكی خستە سەر كێشەیەكی تری خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە كەرتی خوێندندا و بۆ "وشە" گوتی، زۆر خوێندنگا هەیە كە هەر هەنگاوی یەكەم بۆ ناو خوێندنگاكە پێویستی بەوەیە كە بە قادرمە سەركەویت بەسەریدا چ بگات بە هۆڵەكانی خوێندن كە زۆربەیان لە دوو نهۆم یاخود زیاتر پێكهاتووە.

سلێمانی/ لۆڤە محەمەد















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل