کورد و عەرەب و نیپاڵى و بەنگلادشى لە سۆرانەوە بۆ ئەوروپا کۆچ دەکەن

:: AM:11:20:16/12/2016 ‌



شارۆکەى سۆران بووەتە دەروازەیەک بۆ کۆچى هاووڵاتییان بەرەو وڵاتانى ئەوروپا، بەشێوەیەک جگە لە هاووڵاتییانى کورد، عەرەب، بەنگلادشى و نیپاڵیش لەو سنوورەوە دەیانەوێت بە نایاسایى کۆچ بکەن. بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سنوورەکە گرتنى 500 کۆچبەرى نایاسایى لە ماوەى 11 مانگى رابردوودا رادەگەیەنێت.

بەهۆى هاوسنوورییەوە لەگەڵ تورکیا، شارۆکەى سۆران بووەتە دەروازەى کۆچى نایاسایى هاووڵاتییانى عێراق و کوردستان بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتانى ئەوروپا، لە کاتێکدا هێزەکانى تەناهى لە رێگەى مەفرەزەکانیانەوە ئەو کەسانە دەگرن کە بە نایاسایى دەیانەوێت لە رێگەى سۆرانەوە ئاودیوى تورکیا ببن.

قاچاخچییەکى سنوورى سۆران کە نەیویست لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە ناوەکەى بکرێت، بە "وشە"ى راگەیاند، "خەڵکى شارەکانى بەغدا، بەسڕە، ئەنبار، تکریت، کەرکووک، سلێمانى، هەولێر، رانیە، کەلار و دەربەندیخان و شارۆکەکانى تر خۆیان دەگەیەننە سۆران و لێرەوە بۆ تورکیا و ئەوروپا دەچن".

روونى کردەوە، "لە وەرزى هاوین، خەڵکێکى زیاتر کۆچ دەکەن، لە هاوینى رابردوو رۆژانە زیاتر لە 300 کەس لە رێگەى سۆران و مێرگەسۆرەوە بە نایاسایى ئاودیوى تورکیا کراون، بەڵام ئێستە رۆژانە 100 کەسێک ئاودیو دەکرێن".

قاچاخچییەکە ئاشکراى کرد، لەناو ئەو هاووڵاتییانەى بە نایاسایى کۆچ دەکەن، جگە لە کورد، عەرەب، هیندى و بەنگلادیشى هەن و بەشێکیان بە خێزانەوە کۆچ دەکەن. ئەوان لە رێگەى کەکلە و خێڕوزوکا لە سنوورى شارۆکەى مێرگەسۆر دەگەیەنرێنە ناو تورکیا و لەوێشەوە پێوەندى بە قاچاخچییەکانى تورکیاوە دەکەن بۆ دەربازکردنیان بۆ وڵاتێکى ئەوروپا.

نرخى گواستنەوە لە سۆرانەوە بۆ تورکیا، بۆ هەر کەسێک 600 دۆلارى ئەمەریکییە، لە تورکیاوە بە رێگەى ئاوى کۆچ دەکەن، تاک و تەراش رێگەى وشکانى بەکار دێنن.

قاچاخچییەکە دەڵێ، "لە رێگەى وشکانى بە نزیکەى 12 هەزار دۆلار بۆ ئەڵمانیا و سوید و فیلەندا دەگوازرێنەوە، بەڵام لە رێگەى ئاوى، تەنیا پێنج هەزار دۆلار تێچووەکەیەتى".

بنیامین حەسەن /25 ساڵ/ خەڵکى سلێمانی، ئێستە لە فینلەندا گیرساوەتەوە، بە "وشە" دەڵآ، "لە رێگەى قاچاخچییەکانى سۆرانەوە بە 11 هەزار دۆلار ئاودیوى تورکیا کرام و پاشان گەیەنرامە فینلەندا".

بینیامین تا گەیشتووەتە شوێنى دیاریکراو، چەندان وڵاتى بڕیوە، تورکیا، بولگاریا، سربیا، هەنگاریا، نەمسا، ئەڵمانیا، دانیمارک و سوید و لەوێشەوە بۆ فینلەندا.

بەپێى ئامارێکى بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سۆران کە وێنەیەکى بە "وشە" دراوە،  لە ماوەى 11 مانگى رابردوودا، زیاتر لە 500 کەس لە لایەن مەفرەزەکانى ئاسایشەوە گیراون کە هەوڵیان داوە لەو سنوورەوە بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن.

عەلى ئەحمەد جێگرى بەڕێوەبەرى ئاسایشى سۆران بە"وشە"ى راگەیاند، "رۆژانە خەڵکێکى زۆر لەلاى ئێمە دەگیرێن کە دەیانەوێت لە سۆرانەوە بۆ تورکیا بڕۆن و لەوێشەوە بەنایاسایى بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن".

ئاشکراى کرد، "لەناو گیراوەکاندا کورد، عەرەب، نیپاڵى و بەنگلادیشى هەن، هەندێک کردەوەى خراپیان کردووە و هەندێک دەیانەوێت بۆ باشترکردنى گوزەرانیان روو لە ئەوروپا بکەن یان بۆ دەربازبوون لە شەڕ و ئەو تەنگژانەى روویان لە وڵات کردووە".

جێگرى بەڕێوەبەرى ئاسایشى سۆران، گوتەکانى قاچاخچییەکە پشتڕاست دەکاتەوە بەوەى رۆژانە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵک لە سنوورەکەیانەوە بە نایاسایى کۆچ دەکەن و دەڵێ، "ئەو خەڵکانەى دەیانەوێت لە سۆرانەوە بۆ تورکیا ئاودیو ببن ژمارەکەیان زۆر زۆرە، رۆژانە نزیکەى 40 کەس دەگرێن و رەوانەى دادگەیان دەکەین".

زیاتر دەڵێ، "قاچاخچییەکان لێپێچینەوەى توندیان لەگەڵ دەکرێت، ئەگەر بزانرێت و ببینین یاخۆ لەکات و ساتى گواستنەوەى ئەو خەڵکەى روو لە دەرەوە دەکەن بگیرێن، کەمترین سزا خۆى و ئۆتۆمبێلەکەى بۆ ماوەى یەک مانگ دەستبەسەر دەکرێن و لە حاڵەتى دووبارەکردنەوەى، سزاى قورستتر وەردەگرێت".

بەگوتەى بەرپرسەکەى ئاسایشى سۆران، زۆرینەى ئەوانەى ئێستە بە نایاسایى کۆچ دەکەن، بەشێوەى خێزانى کۆچ دەکەن، بەو هۆیەوە تەمەنى ئەوان جیاوازە کە لە منداڵەوە دەست پێ دەکات تا دەگات بە کەسانى تەمەن 80 ساڵ.

سۆران- مورشید برادۆستى



وشە - تایبه‌ت