داگەی فیدراڵی عێراق دێتە ناو ململانێكان
"دادگەكە لە ژێر پاڵەسەتۆدایە و چیتر ناتوانێ كێشەكان چارەسەر بكات"

:: PM:02:36:13/10/2016 ‌
بڕیارە هەریەك لە دادگەی فیداڵی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دانیشتنێكی هاوبەش بكەن و باسی كێشەكان لە دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق بكەن، توێژەرێكی سیاسیش دەڵێت كە دادگەی فیدراڵ و ئەندامانی هۆكارن بۆ ئەوەی لە عێراق روو دەدات و ئەوان لەژێر پاڵەپەستۆی سیاسی هێزەكان ناتوانن چیتر رووبەڕووی شەپۆڵی تەنگژەكان ببنەوە.

دادوەری عەبدولسەتار بەیرەقدار گوتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە یەكشەمی داهاتوو دانیشتنێكی هاوبەشی دادگەی فیدراڵ و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ساز دەكرێت، تیادا باسی ئەو دۆخە دەكرێت كە دەسەڵاتی دادوەری فیدراڵ پیایدا تێپەڕ دەبێت.   

رەحیم شمەری توێژەری سیاسی عێراقی لەوبارەوە دەڵێت كە ئەندامانی دادگەی فیدراڵ لەناو لیستی ئەو كەسانەن كە عێراقیان بەو ڕۆژە سەختە گەیاند كە لە هەموو بوارەكاندا پاشەكشەی كردووە.

زیاتر گوتی، بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ بەگەڕاندنەوەی جێگرانی سەركۆمار وڵاتی هاویشتە ناو تەنگژەیەكی تر و تەنانەت ئەوان لە لیستی ئەوانەن كە عێڕاقیان گەیاندە ئەوڕۆ.

شمەری روونی كردەوە كە كار گەیشتووەتە ئەوەی چیتر دادگەكە ناتوانێت پەنجە بخاتە سەر كێشەكانەوە، ئەوەش بەهۆی پاڵەپەستۆی سیاسی یان دەستوەردانی دەرەكییەوە و ئەوەش وای كردووە كە چاودێر بۆ دۆخی عێراق وا بزانێت كە لە رووی زانیاری و زانستییەوە، توانای ئەوەی نەماوە كە رووبەڕووی تەنگژەكان بێتەوە.

ئاماژەی كرد كە ئێستە پاڵەپەستۆیەكی دیار و ئاشكرا بۆ سەر دادگەكە هەیە كە دووشەم لە دوای 14 مانگ بڕیارێكی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی بە بڕیارێك هەڵوەشاندەوە كە پێشێلكاری دەستووری تیادا نەبووە، چونكە لە چوارچێوەی زنجیرەیەك بڕیاری چاكسازی پێویست بۆ دۆخی عێراق بووە و پەرلەمانی پەسندی كردووە. 

شمەری ئاماژە دەكات كە تا ئێستە دادوەری تایبەت بە دەستوورمان نییە و ئەندامانی دادگەی فیدراڵیش شارەزان لە یاسا، لەپاڵ ئەوەی تەمەنی زۆرینەیان 80 ساڵی رەت كردووە، بۆیە بەو پێیەی بودجەی 2016 هیچ پارەیەكی تەخانكراوی بۆ جێگرانی سەركۆمار لەخۆ نەگرتووە، بۆیە بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵ راست نییە، دووپاتی كردەوە كە بۆیە لە عێراق چاوەڕوانی شۆڕشێكی گەورەی جەماوەری دەكرێ بۆ نەهێشتنی وەرزێكی تری مێژووی نوێی عێراق بەگۆڕینی سیاسەتوان و دادوەرییەوە.

دووشەمی رابردوو دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیارێكی دەركرد بە نادەستووری بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كە لە مانگی ئابی 2015 لە چوارچێوەی گورزێك بڕیاری چاكسازی دەری كردبوو بە هەڵوەشاندنەوەی پۆستی جێگرانی سەركۆماری عێراق، ئەوەش لەسەر تانەی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی هاوپەیمانیەتی موتەحیدوون كە یەكێك بوو لە پاڵ ئەیاد عەلاوی و نووری مالیكی كە ئەو پۆستەیان هەبوو.

دووشەم موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر بەیاننامەیەكی دەركرد و بەتوندی هێرشی كردە سەر بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی عێراق و بەچەسپاندنی گەندەڵی لە قەڵەم دا، ئەو بێجگە لە راگرتنی وتوێژەكانی گەڕانەوەی بۆ ناو هاوپەیمانی نیشتمانی، داوای سازكردنی خۆپێشاندانێكی ملیۆنی كرد لە رۆژی سێشەم لە بەردەم دادگەی ساعە (بارەگەی دادگەی باڵای فیدراڵ لە بەغدا) لە بەغدا.

وشە/مەوازین نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل