ڕێكخراوی بەدر بە سەرۆكایەتیی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح، بە توندی ڕەخنە لە عەبادی دەگرێ و هێرشی دەكاتە سەر، كە داوای وەزیری تەكنۆكرات لە پرۆسەی سیاسیی عێراق دەكات و دەپرسێ لە حكوومەتەی تۆدا وەزیرەكان تەكنۆكرات بوون، بۆیە تووشی ئەو شكستە گەورەیە بووین.
ڕەزاق حەیدەری سەركردە لە ڕێكخراوی بەدر لە لێدوانی بۆ "
شەفەق نیوز" گوتی، عەبادی ئەو كەسەیە كە باسی كەسانی تەكنۆكراتی هێنایە ناو حكوومەتەوە، لە حكوومەتەكەی خۆیشی ئەوەی جێبەجێ كرد، هەمووان دەبینن تووشی چ شكستێكی گەورەی كردین.
ئاماژەی دا، تەكنۆكراتەكان كەسانی كارا و مەیدانی و كاریگەر نییە، بۆیە هیچ ڕۆڵێكی گرنگیان نابێ، بەڵگەیش بۆ ئەمە حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادییە كە ناوی تەكنۆكراتی بەرز كردەوە، بەڵام هیچ سەركەوتنێكی بەدەست نەهێنا و وەزارەتی كارەبا لە 2003ەوە بە دەست كەسانی تەكنۆكراتە، بەڵام هیچ پێشكەوتنێك لە كەرتی كارەبا نییە و بگرە ڕۆژ دوای ڕۆژ دۆخەكە خراپتر دەبێ و گەندەڵی زیاتری لێ دروست دەبێت.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، تەكنۆكرات بیدعەیە و بەشێك دەیانەوێ لە ژێر ئەو ماسكەوە بە ئامانجەكانی خۆیان بگەن، ئەو وەزارەتەی كەسانی حزبی بەڕێوەیان بردووە، سەركەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە، پێچەوانەی تەكنۆكراتەكان كە عەبادی بانگەشەی بۆ دەكات.
ئەو قسانەی سەركردەكەی ڕێكخراوی بەدر كە بەشێكە لە هاوپەیمانی فەتح، لە كاتێكدایە عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردراو بۆ كابینەی نوێی حكوومەت، لە دووی ئەم مانگەوە هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە تا كابینە وەزارییەكەی بەر لە تێپەڕینی 30 ڕۆژ بەسەر وادەی ڕاسپاردنی پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەران بكات. عەبدولمەهدی بۆ ئەو مەبەستە ماڵپەڕێكی ئەلیكترۆنی كردەوە، لەو ڕێیەوە 36 هەزار كەس سی ڤی خۆیان ڕەوانە كردووە تا ببنە وەزیر و بەرپرسی باڵا لە حكوومەتی نوێدا، بەڵام فەتح دژی ئەو هەوڵانە وەستاوەتەوە.