كێ دەبێتە راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە؟

:: AM:11:35:14/10/2018 ‌

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بژاردەكانی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرا كرد بۆ شوێنگرتنەوەی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەكە.

ڤالڤێردی لە هاوینی 2017 لە شوێنی لویس ئێنریكی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنەی وەرگرت و لە یەكەم وەرزی راهێنەرایەتی یانەكەشدا جامی شا و خولی ئیسپانیا بەدەستهێنا.

گرێبەستەكەی ڤالڤێردی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە بۆ ماوەی 2 وەرز بووە لەگەڵ ئەگەری نوێكردنەوەی بۆ وەرزێكی تریش، دوایین وادەش بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكە مانگی ئایار (مانگی 5)ی ساڵی داهاتووە.

یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستاوە خۆی ئامادە كردووە بۆ دیاریكردنی راهێنەرێكی نوێ بۆ تیپەكەی لە ئەگەری دوورخستنەوەی ڤالڤێردی.

رۆژنامەی (سپۆڕت) ئاشكرای كرد كە سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە 2 راهێنەری بۆ شوێنی ڤالڤێردی دیاری كردووە كە ئەوانیش برێتین لە كیكی سیتین راهێنەری ئێستای یانەی ریال بیتیس و جۆردی كڕۆیف كوڕی ئەفسانەی پێشووی هۆڵەندی یۆهان كڕۆیف.

لای خۆشییەوە پیپ سیگۆرا بەڕێوەبەری گشتی یانەی بەرشەلۆنە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە بۆچوونیان وایە لە كاركردن لەگەڵ ڤالڤێردی بەردەوام بن تا كۆتایی ئەم وەرزە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م