یەكەم لێدوانی عەبدوڵا مەلا نووری دوای دوورخستنەوەی لە گۆڕان

:: PM:12:12:14/10/2018 ‌
دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو بە فەرمانی عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتیی گۆڕان كیلۆنی دەرگای ژووری جڤاتی نیشتمانی گۆڕا و ڕێگری لەوە كرا عەبدوڵای مەلا نووری جارێكی تر لەو ژوورە دابنیشێ، پاشان هەشت ئەندامی جڤاتی نیشتمانی نامەیەكیان ئاراستەی جڤات كرد لەسەر دەركردنی عەبدوڵای مەلا نووری لە گردەكە و ژوورەكەی، لەسەر ئەم پێشهاتانە عەبدوڵای مەلا نووری هاتە دەنگ

عەبدوڵای مەلا نووری یەكێكە لە گەنجەكانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان و پێشتر پەرلەمانتار بووە لە فراكسیۆنی ئەو حزبە لە پەرلەمانی كوردستان، دوای تەواوبوونی خولی پەرلەمان گەڕایەوە سەر پیشەی پێشووی خۆی و هەوادارێكی زۆری لە ڕیزەكانی بزووتنەوەی گۆڕان هەیە و بەرانبەر بە سیاسەتەكانی بزووتنەوەی گۆڕان ناڕازییە، بەتایبەت لە دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بزووتنەوەی گۆڕان پاشەكشەیەكی زۆری كرد، بەوهۆیەوە لەگەڵ هاوڕێكانی پڕۆژەی هەڵسانەوەی گۆڕانیان ئامادە كردووە.

عەبدوڵای مەلا نووری پەرلەمانتاری پێشوو و هەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ چاكسازی لە ناو بزووتنەوەی گۆڕان، هیچ كاردانەوەیەكی كەسیشی لەسەر سزادانی لەلایەن عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە نابێت.

لەسەر ئەگەری فشاری زیاتر بۆ سەر ناوبراو و هەڵوێستی لەو كاتەدا، پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان گوتی، ئێستە هەشت هەڵسووڕاوی دیاری گۆڕان پشتیوانیم دەكەن و منیش دەسبەرداری گۆڕان نابم و واز ناهێنم.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو نووسراوی هەشت هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە میدیاكان بڵاو بووەوە كە داوای چارەسەركردنی كێشەی عەبدوڵای مەلا نووری و ڕێكخەری گشتییان كردووە، لە ئەگەری چارەسەرنەكردنی هۆشدارییان داوە كە هەڵوێستیان دەبێت.

دوای ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، عەبدوڵای مەلا نووری پڕۆژەیەكی بەناوی هەستانەوەی گۆڕان ئامادە كردووە و لە ناوەڕۆكی پڕۆژەكەیش داوای چاكسازی ڕیشەیی لە ڕیزەكانی گۆڕان دەكات.

سلێمانی/هەستیار.



وشە - باز ئه‌حمه‌د