شیعە واز لە دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق ناهێنن

:: PM:03:50:14/10/2018 ‌
لە كاتێكدا هێشتا حكوومەتی نوێ پێك نەهێنراوە، پەرلەمانتاران لە هەوڵدان بۆ دەركردنی یاسایەك لە پەرلەمان لەبارەی دەركردنی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق كە ئەمە لە دەسەڵاتی حكوومەتدایە. شارەزایەكی ستراتیجیش دەڵێ هاتنی سوپای ئەمەریكا بە رێككەوتن بووە، چوونە دەرەوەشی دوو رێ هەیە، ئەوانیش هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكە یان داواكردن لە پەرلەمان، بۆیە ئەوەی پەرلەمانتاران دەیكەن جگە لە گوشار شتێكی نوێ نییە.

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات كە چەند پەرلەمانتارێكی لیستی بنیادنانەوە "بەننا" كە هاوپەیمانی فەتح، باڵی سیاسی حەشدی شەعبی بەشێكە لێی، لەگەڵ چەند حزبێكی تر، ماوەی چەند رۆژێكە كار لەسەر رازیكردنی ژمارەیەكی زۆری پەرلەمانتار دەكەن كە هەموویان بەیەكەوە واژوو لەسەر پێشكەشكردنی داواكارییەك بكەن بۆ دەرچوواندنی یاسایەك كە ئەمەریكییەكان ناچار بكەن خاكی عێراق بەجێ بهێڵن.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو كە لیستی بنیادنانەوە ئاماژەی ئەرێنی لەلایەن زۆر لە حزبەكان بە دەست گەیشتووە بەتایبەت چەندان پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی سائیروون كە موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات، لەگەڵ هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەركردایەتی نووری مالیكی.

ئەسعەد عەبد ئەلسادە پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیروون دەڵێ، پەرلەمانی نوێ كار لەسەر دەركردنی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەكات، گوتی "عێراقییەكان دەتوانن رووبەڕووی تیرۆر ببنەوە و پێویستیان بە هەبوونی هێزی بیانی لەسەر خاكەكەی نییە. دژی دەستوەردانی ئەمەریكام، دژی دەستوەردانی بیانیم لە كاروباری ناوخۆی عێراق".

ئەو پەرلەمانتارە سەرنجی لەسەر قسەیەكی پێشتر حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواو بوو هەیە كە گوتبووی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەمێننەوە بۆ پرسی راوێژكاری، لەمبارەیەوە دەڵێ "ئەوەی عەبادی دەیڵێ راست نییە، هیچ بەڵگەیەكی نییە و هیچ لایەنێكی سەربازیش نییە پشتڕاستی ئەوە بكاتەوە كە سوپای ئەمەریكا بۆ پرسی راوێژكاری لە عێراق كار دەكەن و دەمێننەوە".
 
پێشتریش ئینتسار مووسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رای گەیاندبوو كە دەركردنی سوپای ئەمەریكا كاری لە پێشینەیان دەبێت لە پەرلەمان، دەڵێ دژی هەر سزایەكی ئەمەریكاش دەوەستنەوە لەسەر گرووپە چەكدارەكان كە مەبەست لێی میلیشیا شیعەكانە.
 
ورووژاندنەوەی دەركردنی سوپای ئەمەریكا لە عێراق لە كاتێكدایە لە 19ی ئاب/ ئۆگستسی رابردوو، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمەریكا، رای گەیاندبوو كە هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق دەمێننەوە ئەگەر پێویست بێت بۆ سەرپاندنی سەقامگیری لە ناوچەكانی پێشتری ژێر دەسەڵاتی داعش.

لە بەیاننامەكەیاندا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەش داوە كە ژمارەی سەربازانی ئەمەریكی لە عێراق كەم دەكرێنەوە كە ژمارەیان پێنج هەزار و 20 سەرباز دەبێت، ئەوەی دەمێنێتەوە كاری دەبێتە راهێنان بە سوپای عێراقی.

پێوەند بەو پرسە عەلی بەدری مامۆستای ستراتیجی لە زانكۆی نەهرێن دەڵێ، سوپای ئەمەریكا كاتێك هاتنە عێراق وەك راوێژكار هاتن بەپێی رێككەوتنێك لە نێوان بەغدا و واشنتن، بۆیە كەس ناتوانێ دەریان بكات ئەگەر هەردوو حكوومەت رەزامەند نەبن.

روونی كردەوە، بەگوێرەی رێكارە دەستووری و یاسایییەكان، دەبێت حكوومەتی عێراق پڕۆژە یاسایەك پێشكەشی پەرلەمان بكات و داوای دەكردنی سوپای بیانی لە عێراق بكات، لەوانە سوپای ئەمەریكا. گوتی "لەم كاتەدا پەرلەمان مافی هەیە دەنگدان لەسەر دەركردنی سوپای بیانی بكات، چونكە هەبوونی سوپای بیانی بەگوێرەی رێككەوتن، لە دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدایە، بۆیە بە دووری دەبینم لە ماوەی نزیكی داهاتوودا ئەوە روو بدات، چونكە حكوومەتی نوێ نایەوێ رووبەڕووی تەنگژە ببێتەوە بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریكا كە لە شەڕی دژ بە داعش یارمەتی عێراقی داوە".

 دەركردنی سوپای ئەمەریكا ئەمجارە لە عێراق لە كاتێكدایە حكوومەتی عێراقی لە مانگی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەری 2017، سەركەوتنی بەسەر داعش لە عێراق راگەیاند.

هەوڵە نوێیەكەی پەرلەمانی عێراق لە دەركردنی یاسایەك، لە كاتێكدایە لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەم 28ی شوبات/ فێبرایەری رابردوو پەرلەمانی عێراق بڕیارێكی دەركرد كە دەبێ بەپێی خشتەیەكی دیاریكراو سەرجەم هێزە بیانییەكان عێراق جێبهێڵن.

دانیشتنەكەی پەرلەمان كە تەنیا 171 ئەندامی پەرلەمان ئامادەی بوون و بە دەنگی 130 پەرلەمانتار دەرچوو، حكوومەتی عەبادی ناچار دەكات كە خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی سوپای بیانی لە عێراق دابنێت، بەڵام لە بڕیارەكە ئەوە روون نەكراوەتەوە كە هەبوونی سوپای ئێرانیش لە عێراق دەگرێتەوە كە هاوشانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەن، یان تەنیا ئەمەریكییەكان.

جێی باسە سوپای ئەمەریكا زۆرترین سەربازی لە عێراق هەیە كە ژمارەیان پێنج هەزار و 200 سەرباز دەبێت، لە ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر، دوای ئەو، بەریتانییەكان و پاشان ئوسترالی، بەلجیكی، كەنەدی، دانیماركی، ئەڵمانی، فڕەنسی، ئیتاڵی، هۆڵەندی، ئیسپانی و توركی دێن كە بەشێكیان كاریان تەنیا راهێنان و دابینكردنی پێویستی لۆجستییە وەك سوید و هەنگاریا.

سەعد حەدیسی گوتەبێژ بە ناوی حكوومەتی عێراق، ئەوكات وەڵامی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقی دایەوە كە مافی پەرلەمانە وا بڕیارێك دەربكات، بەڵام هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسی لەسەر عێراق ماوە، گوتی "دەكرێت داوای كەمكردنەوەی ژمارەكەیان بكرێت ئەگەر باری تەناهی جێگیر بێت".

جێی بیرخستنەوەیە دوای جەنگی دژ بە عێراق و رووخاندنی رژێمی بەعس، سوپای ئەمەریكا تا كۆتایییەكانی ساڵی 2011 لە عێراق مایەوە، پاشان لە سەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباما بە گوێرەی رێككەوتنێك لەگەڵ حكوومەتی عێراق بڕیار درا بە كشانەوەی تەواوی سوپای ئەمەریكا لە عێراق، رێككەوتنەكە لە مانگی تشرینی دووەم/ نۆڤێمبەری 2008 بە زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا، كە تەواوی هێزەكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق كە ژمارەیان 50 هەزار سەرباز دەبوو، بكشێنەوە، ئەوەبوو لە 30ی كانوونی دووەمی 2011، دوا سەربازی ئەمەریكی عێراقی بەرەو كوێت جێهێشت و لەوێشەوە بەرەو ئەمەریكا گەڕانەوە. 

بەڵام لە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق لە شەشی حوزەیرانی 2014 و داگیركردنی مووسڵ، جارێكی تر سوپای ئەمەریكا گەڕانەوە بۆ عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر كە تا ئێستە بوونیان لە عێراقدا ماوە.



وشە - فه‌رمان سادق