ئەندامێكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا ئاشكرای كرد، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بەردەوامی هەیە، ئەوەی بەلای ئەوانەوە گرنگە جێبەجێكردنی داواكانی كوردستان و مافە دەستوورییەكانە، كوردیش لە پرۆسەی سیاسی ژمارەیەكی قورسە و حكوومەتی داهاتوو ناچارە داواكانی گەلی كوردستان جێبەجێ بكات.
موحسین سەعدوون ئەندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەیەوێ سیستەمێكی نوێ پێڕەو بكات بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دەیەوێ خەڵك خۆی حكوومەت دروست بكات، بەڵام ئەمە لەگەڵ واقیعی عێراق و ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ناگونجێ، چونكە فراكسیۆن هەیە زیاتر لە 50 كورسی لە پەرلەمان هەیە و ناكرێ بێبەش بێ لە پۆستی وەزارەتەكان.
زیاتر گوتی، ئەمە لە هیچ وڵاتێكی دنیا نەبووە، لە وڵاتە دیموكراتەكانیش كاری لەمشێوەیە ڕووی نەداوە، بۆیە ئەو میكانیزمە لە عێراق سەركەوتوو نابێ و پەرلەمانیش متمانە بەو حكوومەتە نادات، لەبەر ئەوە ئەگەر عادل عەبدولمەهدی بەوشێوەیە بەردەوام بێ، كابینە وەزارییەكەی لە پەرلەمان شكست دێنێ و دەبێ لایەنەكان ڕازی بكات تا لە پەرلەمان دەنگی پێ بدەن.
ئەو ئەندامەی شاندی پارتی گوتی، لە حكوومەتی داهاتوو هەر لایەنێك بەگوێرەی ژمارەی كورسی پێ دەدرێ، ئەوەی پێنج كورسی هەبێ پۆستی وەزارەت وەرناگرێ، بەڵام وەك پارتی دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری و وەزارەتێكی سیاسی وەردەگرین.
لە بەشێكی تری قسەكانی موحسین سەعدوون دووپاتی كردەوە، لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی لە گفتوگۆ بەردەوامین و پێویستە ئەویش بە زووترین كات بەرنامەی حكوومەتەكەی ئاشكرا بكات، چونكە ئێمە داوای خۆمان هەیە و پۆست بە لامانەوە گرنگ نییە، ئەوەی بایەخدارە جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كوردستانە، چونكە كورد ژمارەیەكی گەورەیە لە پرۆسەی سیاسی عێراق و عەبدولمەهدی ناچارە مامەڵە بكات، بە پێچەوانەوە هەڵوێستمان دەبێت.
لەبارەی ساردیی گفتوگۆ و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت، سەعدوون گوتی، لە هەفتەی داهاتووەوە هەوڵەكان زیاتر و گفتوگۆكان گەرمتر دەبن، كوردیش ڕۆڵێكی سەرەكی لە حكوومەتی داهاتوو دەگێڕێت.
هەولێر/بڵند ئیبراهیم.