کورد و سوونە ماون.. پێكهێنانی حكوومەت 40%ی یەكلا دەبێتەوە

:: PM:06:52:14/10/2018 ‌

عادل عەبدولمەهدی ژمارەی وەزارەتەكان لە 30 بۆ 22 كەم دەكاتەوە و هەردوو لیستەكەی شیعەیش 16 وەزارەتیان بەركەوتووە، هێزە كوردییەكانیش لەگەڵ عەبدولمەهدی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن و خواستی سوننەكانیش دەبێتە قوربانی پەرتەوازەبوونیان. سەرچاوەیەكیش دەڵێ لیژنەی سێ قۆڵی 40%ی پێكهێنانی حكوومەتی یەكلایی كردووەتەوە.
 
لیژنە سێ قۆڵییەكە بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییە جیاوازەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ناوی كاندیدەكانیان بۆ پۆستی وەزارەتەكان، كە بڕیارە لە 25ی ئەم مانگە عادل عەبدولمەهدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەرنامەی كابینەكەی و كاندیدی وەزارەتەكان لە پەرلەمان بیانخاتەڕوو.

عەبدولمەهدی لیژنەیەكی سێ قۆڵی پێكهێناوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هێزە سیاسییە جیاوازەكانی بەشدار لە كابینەی حكوومەت، ئەركی ئەو لیژنەیە یەكلاكردنەوەی كاندیدی ئەو حزبانەیە بۆ پۆستی ئەو وەزارەتانەی داوای دەكەن، ئەمە لە كاتێكدایە موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون پێداگیرە لەوەی دەبێت وەزارەتی ناوخۆ لە دەست خودی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران بێت، لەسەر ئەو پرسەیش بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاست نەكراوەكان لە دەرئەنجامی كۆبوونەوە نهێنییەكانی نێوان سەدر و عامری لە شاری نەجەف كە سێ رۆژ پێش ئێستە ئەنجام درابوو، ئەگەری هەیە هێزە شیعەكان دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ ببن بۆ كەسایەتییەكی سوننەی سەربەخۆ، لە بەرانبەردا شیعەكان پۆستی وەزارەتی بەرگری وەربگرن.

هاوپەیمانی بنیادنانەوە كە هادی عامری سەركردایەتی دەكات، باس لەوە دەكات كە هێشتا ناكۆكیان هەیە لەگەڵ هاوپەیمانی سائیروون لە بارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، تەنانەت دانانی ئیمەیڵ تا هاووڵاتییان مافی ئەوەیان خۆیان كاندید بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكان كە عادل عەبدولمەهدی رای گەیاند بوو، بە جووڵەیەكی سیاسی ناوی دەبات، پێی وایە حزبە سیاسییەكان رێگر دەبن لەوەی عادل عەبدولمەهدی لە رێگەی ئەو ئیمەیڵەوە كاندیدی سەربەخۆ بۆ وەزارەتەكان دەستنیشان بكات.

سەرچاوەیەكی نزیك لە دانوستاندنەكانی پێكهێنانی حكوومەت  لە بارەی پێكهێنانی لیژنە سێ قۆڵییەكە دەڵێ لیژنەكە لە خودی عادل عەبدولمەهدی و وەلید كەریماوی لە رەوتی سەدر و محەمەد هاشمی لە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی پێكهاتووە تا پۆستی وەزارەتەكانی حكوومەتی نوێ لەنێوان پێكهاتە و هێزە پەرلەمانییەكان دابەش بكات، كە بە گوێرەی مادەی 70ی دەستوور، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو 30ی رۆژی لە بەردەمدایە بۆ راگەیاندنی كابینەی حكوومەتەكەی، لەو رۆژەی كە لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە راسپێردراوە.

سەرچاوە نزیكەكە لە لیژنە سێ كەسییەكە دەڵێ، لیژنەكە پێكهاتەی حكوومەتی نوێی دابەشی سەر لیستەكانی پەرلەمانی كردووە كە 22 وەزارەت لە خۆ دەگرێت، پشكی هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنانەوە هەشت وەزارەت دەبێت، بەڵام سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو مەرجی لەسەر لیستەكانی پەرلەمانی داناوە كە نابێت ئەوانەی كاندیدی دەكەن ئەندامی پەرلەمان بن یان پێشتر پۆستی وەزیریان هەبوو بێت، داواشی لێ كردوون كە كەسانێك كاندید بكەن كە دەستپاك و بە توانا بن.

جێی بیرخستنەوەیە كە عادل عەبدولمەهدی رۆژی دووشەمی رابردوو لە رێگەی ئیمەیڵێكەوە دەرگای خۆ كاندیدكردنی بە رووی هاووڵاتییان كردەوە بە كۆمەڵێك مەرجەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان لە كۆی 15 هەزار و 184 كەس كە سیڤی ناردووە بۆ ئیمەیڵەكە، لیژنەی سەرپەرشتی 601 كاندیدی دەستنیشان كردووە و جیای كردوونەتەوە و ئێستەیش لیژنەكە سەرقاڵی دیراسەكردنی سیڤی ئەو 601 كەسەیە بۆ دەستنیشانكردنی باشترینیان، ئەویش لە رێگەی دیداری راستەوخۆ لەگەڵ تیمی تایبەتی هەڵسەنگاندن، كە دوا فلتەریش بۆ ئەوەی ببن بە وەزیر، دیداری تایبەتیان دەبێت لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی.

سەرچاوەكە ئەوەیش روون دەكاتەوە لەو هەشت پۆستەی بەر هاوپەیمانی چاكسازی و بنیادنانەوە كەوتووە، هاوپەیمانی سائیروون چوار وەزارەت و لیستەكانی تریش بە هەر هەموویان چوار وەزارەت، بەڵام موقتەدا سەدڕ سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون، عادل عەبدولمەهدی سەرپشك كردووە لە دەستنیشانكردنی كەسانی شیاو بۆ پۆستەكانی پشكی هاوپەیمانی سائیروون.

هاوكات هاوپەیمانی بنیادنانەوە كە پێكهاتووە لە هاوپەیمانی فەتح و دەوڵەتی یاسا و چەند لیست و قەوارەیەكی تر، پۆستەكانی لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی كە هەشت وەزارەتە، چواریان بۆ هاوپەیمانی فەتح و چوارەكەی تریش بۆ لیست و قەوارەكانی ترە. 
 
شیعە دەستبەرداری وەزارەتی ناوخۆ دەبێت
سەرچاوە ئاگادارەكە باس لە گۆڕانكارییەكی ریشەیی و پێشهاتێكی نوێ لە دیدگای هێزە شیعەكان دەكات، ئەویش سازشكردنە لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرژەوەندی سوننەكان بە مەرجێك كەسایەتییەكی سوننەی سەربەخۆ ئەو پۆستە وەربگرێت، لە بەرانبەریشدا پۆستی وەزارەتی بەرگری بدرێت بە هاوپەیمانی فەتح، لەسەر ئەو پرسەش گفتوگۆكانی نێوان سەدر و عامری ئەو پرسەی یەكلا كردووەتەوە.

سەرچاوەكە باسی لە ترسی موقتەدا سەدر و هادی عامری كردووە لە سوننەكان، كە كوتادەیەكی سەربازی بە هاوكاری وڵاتانی كەنداو و ئەمەریكا لە رێگەی وەزارەتی بەرگری ئەنجام بدەن، ئەمەیش وایكردووە كە عامری بیرۆكەكەی سەدر قبووڵ بكات و لە وەزارەتی ناوخۆیش دەسەڵات بدرێتە حكوومەتە خۆجێییەكانی پارێزگاكان كە بۆیان هەبێت بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەكەیان دەستنیشان بكەن.

ئەو سەرچاوەیە نەیشاردەوە خاڵێكی تری سازشی هادی عامری لە پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ململانێی توندی نێوان قاسم ئەعرەجی وەزیری ئێستەی ناوخۆ لەگەڵ محەمەد سالم غەبان و عەبدولكەریم ئەنساڕی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە هەیە، عامریش ترسی هەیە ئەو ململانێیە كاریگەری نەرێنی لەسەر یەكڕیزی رێكخراوی بەدر دابنێت و دابەشی بكات.

 زیاتر گوتی، "سەدر و عامری لەسەر حكوومەتی نوێ رێككەوتوون، ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە عادل عەبدولمەهدی حكوومەتەكەی بباتە پەرلەمان، هەردوولاش كۆكن لەسەر گۆڕانكاری لە پێناو تێپەڕاندنی دۆخی پشكپشكێنەی تایفی لە دابەشكردنی پۆستی وەزارەتەكان، لەگەڵ ئەمەشدا كۆكبوون لەگەڵ گەڕانەوەی دوو جێگر بۆ سەرۆك وەزیران".

ئەو سەرچاوەیە لە بارەی چارەنووسی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ماوە تەواوبوو لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئاشكرای كرد كە عەبادی دەكرێتە وەزیری دەرەوە، هاوكات وەزیری كارەباش ئەركی جێگری دووەمی سەرۆك وەزیرانی پێدەدرێت كە لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەبێت، زیاتر گوتی، "كورد لە حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی سێ وەزارەت وەردەگرێت لەوانە پلاندانان و كارەبا".

زیاتر گوتی "پۆستی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاویش دەدرێت بە توركمان بە ئامانجی ئەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ توركیا باشتر بكات بۆ تێپەڕاندنی تەنگژەی ئاو، پێكهاتەی مەسیحییەكانیش پۆستی وەزارەتێك وەردەگرن، بەڵام پۆستی وەزارەتی نەوت بەر رەوتی سەدر دەكەوێت كە عادل عەبدولمەهدی كەسایەتییەكی نا حزبی و تەكنۆكرات دەكاتە وەزیری ئەو وەزارەتە، جگە لەوەیش وەزارەتی ناوخۆش دەدرێت بە كەسێكی سەربەخۆی تەكنۆكراتی سوننە".
 

سەرچاوە ئاگادارەكەی لیژنەی سێ قۆڵی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، ئەوە ئاشكرا دەكات كە ئەیاد عەلاوی و نووری مالیكی وەك جێگرانی سەرۆك كۆمار دەمێننەوە، بەڵام كێبڕكێی گەورە هەیە لەنێوان هێزە سوننەكان لەسەر جێگری سێیەمی سەرۆك كۆمار، گوتی، "ئەوەی هەیە هێشتا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە، ئەگەری هەیە هاوكێشەكە بگۆڕدرێت، بەڵام لیژنە سێ قۆڵییەكە لە 40%ی پێكهێنانی حكوومەتی یەكلایی كردووەتەوە"، زیاتر گوتی "سوننەكان داوایان لە عادل عەبدولمەهدی كردووە كە رێگە بدات هەندێك لە پەرلەمانتاران و وەزیرەكانی ئێستە لە حكوومەتن، پۆست لە حكوومەت وەربگرنەوە، بەڵام هێشتا ئەو پرسە یەكلایی نەكراوەتەوە".

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد هەوڵ هەیە لە 25ی ئەم مانگە كە هاوكاتە لەگەڵ چلەی عاشورا لە كەربەلا، عادل عەبدولمەهدی حكوومەتەكەی بباتە پەرلەمان و بێ هیچ رەخنەگرتنێكیش دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستە بەربەست و لەمپەری لەبەردەم عەبدولمەهدی دروستكردووە هەڵوێستی حزبەكانە بەتایبەت حزبە كوردستانییەكان.

حامد موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی بنیادنانەوە دەڵێ تا ئێستە ناكۆكی هەیە لە نێوان حزبە كوردستانییەكان و عادل عەبدولمەهدی، بەو پێیەی حزبە كوردستانییەكان داوای وەزارەتی نەوت یان دەرەوە دەكەن، بەڵام لە پلانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو هیچ كامێك لەو وەزارەتانە بەر كورد ناكەون، لەسەر ئەو پرسەیش گفتوگۆكان بەردەوامی هەیە و ئەگەری هەیە ئەوەی لە میدیاكان لە بارەی كابینەی نوێی حكوومەت بڵاو دەكرێتەوە گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

جێی باسە عادل عەبدولمەهدی لەیەكەم كاریدا پێش ئەوەی وەك سەرۆك وەزیران دەستبەكار بێت، ئەوا نووسینگەی حكوومەتی لە ناوچەی سەوز بۆ ناوچەی كەڕادە بردووەتە دەرەوە، بەمەیش دەبێتە یەكەم سەرۆك وەزیران دوای كەوتنی رژێمی بەعس لە دەرەوەی ناوچەی سەوز ئیدارەی حكوومەت بدات، هاوكات ژمارەی وەزارەتەكانیشی لە 30 وەزارەت بۆ 22 وەزارەت كەم كردووەتەوە و بەشێك لە وەزارەتەكانی لێكداوە.

بەپێی زانیارییەكان هێزە سوننەكان چاویان لەوەیە هەردوو وەزارەتی بەرگری و دەرەوە كە دوو وەزارەتی سەروەرین لەگەڵ وەزارەتەكانی خوێندنی باڵا و پلاندانان و چەند دەستەیەكی سەربەخۆ وەربگرن.

سەرچاوەیەك لە هێزە سوننەكان دەڵێ، پەرتەوازەیی هێزە سوننەكان و نەبوونی یەك شاندی هاوبەشی دانوستاندن وا دەكات چانسی ئەوەیان نەبێت بەپێی ویستی خۆیان پۆست وەربگرن، گوتی "سوننەكان بەدوای كەسانی گەنج و بەتوانا دەگەڕێن بۆ ئەوەی پۆستی وەزارەتەكان وەربگرن، نایانەوێت سەركردەكانیان هیچ پۆستێك وەربگرن".


وشە - فه‌رمان سادق