ئەردۆغان گۆڕانكاری دیمۆگرافی حافز ئەسەد لە عەفرین جێبەجێ دەكات

:: PM:07:39:14/10/2018 ‌

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری رابردوو زۆرینەی كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكان دیمەنی ئاوارەبوونی هاووڵاتییانی عەفرینیان لە شارەكەیان پێشان دا، كاتێك هێزەكانی سەربازی توركیا بەهاوەڵی چەند گرووپێكی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دوای چەند مانگێك لە بۆردمانی سەختی شارەكە، چوونە ناوییەوە و ئەوەی ویستیان كردیان، بەڵام چارەنووسی ئەو شارە بەكوێ گەیشتووە؟.

قارەمان ئەبو مستەفا، ئاوارەیەكی عەفرینە لە گوندێكی سەر بە شارەدێی جندێرس لە دەشتی عەفرین، ئەو چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ ناوچەكەی، ئەو لە نێوان 200 هەزار خەڵكی عەفرین بوو كە ئاوارە بوون و ئێستە لە گوندی "تەل قەراح" گیرساوەتەوە لە دەشتی باكوری حەلەب. ئەو باسی ماڵەكەی دەكات كە دزراوە و خانووەكەیشی دەرگا و پەنجەرەكانی شكاون و هەموو ناوماڵەكەیشی لەلایەن ئەندامانی هەردوو گرووپی ئەحراری شام و جەیشی شەرقییە تاڵانكراوە.

زیاتر گوتی، خەڵكی غوتە بە كۆمەڵ و بە هاوەڵی سوپای ئازاد هێنراون بۆ عەفرین و لە خانووی ئەوانە جێنشین كراون كە بەهۆی داگیركارییەكەی توركیا و بۆردمانانی تۆپ و فڕۆكەكانی دوور خراونەتەوە كە بەو هۆیەوە 300 هەزار لە خەڵكی گوندەكانی عەفرین ئەوانیش ئاوارە بوون، بۆیە گۆڕانكارییەكی رێكخراوی دیمۆگرافی لەلایەن توركیا لە عەفرین كراوە و ئامارەكانیش لای رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەو بارەوە هەن.

 ئێستەیش لەگەڵ زیادبوونی پێشێلكاری گرووپەكانی بەناو ئۆپۆزسیۆنی سووریا لەبەرچاوی سوپای توركیا و بەسەرپەرشتی ئەو، قارەمان توانای گەڕانەوەی بۆ شوێنی خۆی نییە و دەڵێت، داگیركاری سەربازی توركیا بۆ ناوچەكەمان و بوونی گرووپە توندڕۆ و كۆنەخواز و هۆزە عەرەبییە جیاوازەكان و ترسی گرتن و رفاندن و ناچاری پارەدان لە بەرانبەر ئازادكردن و گرتن و ونكردن و كوشتن رێگرن لە گەڕانەوەمان. 

چەندان دیمەنی ڤیدیۆیی و وێنەیی گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا هەیە كە دەستدرێژی دەكەنە سەر رفێنراوانی كورد لە عەفرین و ئازاردانیان بەمەبەستی وەرگرتنی پارە لێیان بۆ ئازادكردنیان، لەوانە بۆ هاووڵاتیی غەسان عومەر فەوزی حەسەن كە لە وێنەیەكدا چەقۆی لەسەر ملی دانراوە و رفێنەران لە سوپای ئەحرار داوای 10 ملیۆن لیرەی سووریایی (22 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی) دەكەن بۆ ئازادكردنی.

گوڵە نوزی، ژنێكی خەڵكی عەفرینە كە ئێستەیش لەناو شارەكە ماوە و باسی دۆخی شارەكە لەدوای كۆنترۆڵكردنی لەلایەن توركیا و گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەكات و دەڵێت، ئەوانەی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن هاتن بۆ عەفرین بەشێكیان پاڵپشتی لە گۆڕینی دیمۆگرافی شارەكە و پێشێلكاری گرووپە چەكدارییەكان دەكەن، ئەوان هەر كوردێك بە بوونی پێوەندی بە پەیەدە و یەپەگە تۆمەتبار دەكەن، جیا لە جیاوازیكردن لە دابەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان كە كورد پەراوێز خراون، بۆیە ئەگەر دۆخەكە وا بڕوات شتێك لە عەفرین نامێنێت بەناوی كورد.

رەمزی شێخمووس، جیبَگری سەرۆكی ئەنجوومەنی جێبەجێكاری لە هەرێمی عەفرین دەڵێت، توركیا گۆڕانكاری دیمۆگرافی لە عەفرین ئەنجام داوە كە ئەوەیش مەبەستی سەرەكی بوو لە داگیركردنی شارەكە، چونكە توركیا فۆبیای كوردی هەیە بەهۆی بێتوانایی لە چارەسەركردنی دۆزی كورد لە توركیا، بۆیە ئەگەر لەدەستی بێت كورد لە باكوری سووریا لە رەگ و ریشەوە هەڵدەكێشێت و ئێستەیش بە پاساوی بوونی رێككەوتننی ئەدەنە دەیكات كە رێگەی پێ دەدات تا 40 كیلۆمەتر بێتە ناو قوڵایی خاكی سووریا، بۆیە هەرچوار دەوڵەتی توركیا و ئێران و عێراق و سووریا سەرەڕای ململانێكانیان، بەڵام لەسەر دوژمنداریكردنی كورد كۆكن، بۆیە پێمان وایە رەوتێكی بەهێزی ناو حكوومەتی سووریا لە گۆڕانكاری دیمۆگرافی لەلایەن توركیا لەعەفرین رازییە بە هاوشێوەی پڕۆژەی پشتێنەی عەرەبی كە رژێمی حافز ئەسەد پێشتر لە ناوچە كوردییەكان پێڕەوی كرد. بۆیە ئەگەر رژێمی سووریا بەشداریش نەبێت، بەڵام بەربەستی پلانەكە ناكات و هەموو دنیا لەوە رازین.

حوسێن نەعسۆ، مافناسێكی خەڵكی عەفرینە لەو بارەوە دەڵێت، بەر لە هێرشەكەی توركیا 200 هەزار هاووڵاتی سووریا لە ناوچە جیاوازەكان لە عەفرین گیرسابوونەوە، بەڵام خێزانی چەكدارانی هاوەڵ بۆ هێزەكانی توركیا كە دوای داگیركردنی عەفرین هاتن ئەوان داگیركران و لە ئەنجامی رێككەوتنن لەگەڵ رژێم لە ناوچەی تر دوورخراونەتەوە بۆ عەفرین هێنراون، بۆیە ئەوان هاووڵاتیی ئاسایی و ئاوارە نین، بەڵكە بە هاوشێوەی هێزە چەكدارەكان داگیركارن.  

نەعسۆ پێی وایە كە توركیا سەركەوتوو بووە لە دروستكردنی دووبەرەكی لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی ئەتنی و ئاینی و نەتەوەیی لە سووریا لە رێگەی قووڵكردنەوەی درزی كۆمەڵایەتی، بەتایبەتی دوای رازیبوونی بەشێك لە گرووپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەوەی ئەجینداكانی جێبەجێ بكەن و لەدژی كورد بوەستنەوە، بۆیە ئەوەی روو دەدات جەنگێكی ناوخۆییە و ئەوەیشی لە عەفرین هەیە گۆڕانكاری دیمۆگرافییە و تیایدا تەنیا كورد ئاوزارە كراوە. 

شایەنی باسە حافز ئەسەد سەرۆكی پێشووی سووریا كوردی ئەو وڵاتەی بە پشتێنەیەكی تەناهی لە هۆزە عەرەبییەكان بەناوی "هیلالی عەرەبی" لە جەزیرەی سووریا لەسەر سنوورەكانی توركیا گەمارۆ دابوو كە درێژاییەكەی 375 كیلۆمەتر بوو، ئەوەیش تەنیا دوای سێ ساڵ لەگەیشتنی بە دەسەڵات، بەو شێوەیە زیاتر لە 140 هەزار جووتیاری كورد گوندەكانیان چۆڵ كرد و لەبری ئەوان جووتیاری عەرەبی دەشتی فوراتیان هێنا شوێنیان، جبا لە هەڵمەتی تەعریبكردنی هەموو ناوچە كوردییەكانی گوند و شارەكانی كورد بەمەبەستی گۆڕینی ناسنامەیان.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل