لە ڕێی كورتە فیلمێك ڕێگری لە جیابوونەوەی هاوسەران دەكرێ

:: PM:09:33:14/10/2018 ‌
لە ڕێی كورتەفیلمێكەوە هەوڵدەدرێت كە هۆشیاری خیزانی بڵاوبكرێتەوە لەسەر كۆمەڵێك دیاردە كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا هەن، هەروەها لە كورتە فیلمێكیشدا ڕێگری دەكات لە جیابوونەوەی هاوسەرەكان.

ڕۆژیار لوقمان، ڕۆژنامەنووس و سەرپەرشتیاری ماڵی هونەرمەندانە و نووسین و دەرهێنانی بۆ كورتە فیلمەكە كردووە و سەبارەت بە بیرۆكەی كورتە فلیمەكە بە "وشە"ی گوت، بەهۆی ئەوەی كە حاڵەتەكانی جیابوونەوە زۆر ببوون لە دادگاكان و بەجۆرێك كە زۆربەی كێشەكان ئاسایی بووە و ئەوە نەبوون كە جیابوونەوەی بە دوادا بێت، بۆیە بیرۆكەی ئەوەم بۆ هات كە كورتە فیلمێكی لەسەر دروست بكەم.

ڕوونیشی كردەوە كە بە چوار ئەكتەر و كامێرامانێك توانیمان كورتە فیلمی " با باشیەكانی یەك گەورە بكەین"مان دەرهێنا كە ماوەكەی تەنیا پێنج خولەك بوو.

ئەو دەرهێنەرە ڕای گەیاند، لە مانگی ١١یش بڕیارە كارێكی تازەمان بڵاوبێتەوە كە باس لە دیاردەیەكی كۆمەڵگا دەكات و كە پەند و ئامۆژگاری تێدایە.

لە كورتە فیلمەكەدا دوو هاوسەر سەردانی دادوەر دەكەن و دەیانەوێت بە زووترین كات لەیەكیان جیابكاتەوە، بەڵام دادوەرەكە داوا لە دوو هاوسەرەكە دەكات كە لە نووسراوێكدا باشیەكانی یەكتر بنوسن و دواتر نووسراوەكەی یەكتر بخوێننەوە، دوای ئەوەی كە هاوسەرەكان ئەو نوسینانە دەخوێننەوە یەكتر قبوڵ دەكەنەوە و دووبارە ئاشت دەبنەوە. 

سلێمانی / لۆڤە محەمەد










وشە - سه‌رخێڵ هاشم