ماوەی دوو مانگە لە شاری هەولێر، جارێكی تر كرێی خانووبەرە بەرز بووەتەوە و لە بەرانبەردا خانووی كرێ كەم بووەتەوە. سەرۆك كۆمەڵەی كرێنیشینان ئاشكرای دەكات كە ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر داوای خانووی كرێ دەكەن و نرخەكەیشی بەرز بووەتەوە، چونكە خانووی كرێ كەم بووەتەوە.
ژینۆ قادر لەگەڵ كامەرانی هاوسەری لە یەكێك لە نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتن و بەكرێدانی خانووبەرەی گەڕەكی 121 گوڵانی شاری هەولێر، خەریكی تەواوكردنی بەڵێننامەكەیانن بۆ ئەوەی ئەو خانووەی بەكرێیان گرتووە، پێشەكی پارەكە بدەن و گرێبەستی ساڵێك كرێچێتی وەربگرن كە خاوەن خانووەكە دەریان نەكات.
ژینۆ بۆ "وشە" گوتی، ماوەی هەفتەیەك دەبێ بۆ خانوویەكی كرێ دەگەڕێینكە نرخی گونجاو بێت و دەستمان ناكەوێت، بەشێكی زۆری خاوەن نووسینگەكان دەڵێن خانووی كرێ گران بووە یان لایان نەماوە، بۆیە ئێستە ئەو خانووەمان گرتووە بە 350 هەزار دینار كە بێیتە سەر ڕاستی، ئەو خانووە تەنیا 280 هەزار دینار هەقی خۆیەتی.
ئەو ژنە ئاشكرای كرد كە پێشتر خانووی كرێ هەبوو و خاوەن خانوو دەیگوت تا خۆت چۆڵی دەكەیت لە ناوی بە، بەڵام ئێستە خاوەن خانووەكان گرێبەستی ساڵێكت زیاتر بۆ ناكەن تا هەر كاتێك نرخ بەرز بووەوە، یان داوای نرخی زیاترت لێ بكەن یان داوای چۆڵكردنی خانووەكە بۆ ئەوەی بە نرخی بەرزتر بیدەن بەكەسانی تر.
كەریم قادر خاوەنی نووسینگەی سیتەك بۆ كڕین و فرۆشتن و بەكرێدانی خانووبەرە ئاشكرای دەكات، خانووی كرێ ئێستە ئاگر دەكاتەوە و ئەوی هەیە ئێستە بازاڕ بازاڕی كرێی خانووە، هەر خانوویەك لامان بێت بەماوەی 24 سەعات بەكرێ دەچێت.
ئەو خاوەن نووسینگەیە بۆ "وشە" گوتی، كرێی خانوو ڕاستە بەرز بووەتەوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئێستە خانووی كرێ خواستی لەسەر زۆر بووە و لە هیچ نووسینگەیەك بۆ دوو ڕۆژ خانووی كرێ نامێنێتەوە.
ئاماژەی دا، خانووی كرێ ڕۆژانە بەخێرایی بەكرێ دەچێت و بۆ هەر خانوویەك لە مانگێكدا بڕی 100 هەزار دینار نرخ زیادی كردووە، ئەوەش خاوەن ماڵ ئەو نرخانەیان دیاری كردووە نەك ئێمە، بۆیە ئێستە خانوو لە ماوەی 24 سەعات كەمتر بە كرێ دەچێت.
كەریم ئاشكرای كرد كە ئەو كەسانەی بەدوای خانووی كرێ دەگەڕێن، ئێستە ناویان دەنووسن و ژمارەی مۆبایلیان جێدەهێڵن، لە ئەگەری بوونی خانوویەكی گونجاو و نرخی گونجاو، پێوەندییان پێوە دەكەین و ئەوانیش ڕاستەوخۆ قبووڵی دەكەن.
لەبارەی نرخی خانووی كرێ، خانووی 100 مەتری بە 350 هەزار، خانووی 125 مەتری بە 350 بۆ 400 هەزار دینار، خانووی 200 مەتری بە سەرووی 550 هەزار دینار بەكرێ دەچێت. بەپێی گەڕەك و شوێن و كۆڵانیش نرخەكان بەرزتر دەبێتەوە. ئەو خاوەن نووسینگەیە گوتی.
گۆران عەوێنەیی سەرۆكی كۆمەڵەی كرێنشینان گوتی، ئێمەش ماوەی دوو مانگە چاودێریی بازاڕی كرێی خانووبەرە دەكەین، هەستمان كردووە كرێی خانووبەرە بەرز بووەتەوە.
سەرۆكی كۆمەڵی كرێنیشینان بۆ "وشە" زیاتر روونی كردەوە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا كرێی خانووبەرە %10 بۆ %20 بەرز بووەتەوە، ئەوەش چەندان هۆكاری هەیە بەتایبەت ئەو ئاوارانەی گەڕانەوە ناوچەكانی خۆیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام دوای نەبوونی خزمەتگوزاری، جارێكی تر كۆچ دەكەنەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
گۆران ئاشكرای كرد، هۆكارێكی تری گرانبوونی نرخی كرێی خانووبەرە بریتییە لە باشبوونی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، باشتربوونی هۆكارەكانی ژیانی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆیە ئێستە هاووڵاتییان بەدوای خانووی باشتر دەگەڕێن.
ئارام سارمەمی توێژەری كۆمەڵایەتی و خاوەنی ڕێكخراوی كۆمەڵگە بۆ توێژینەوە ئاشكرای كرد، خێزانەكان دوای باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، گەشەیان بەخۆوە بینیوەتەوە.
ئەو توێژەرە بۆ "وشە" گوتی، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان لە ڕابردوودا، چەند خێزانێك لەناو یەك خانوو جێی خۆیان دەكردەوە وەك كوڕ و باوك یان دوو برا بەیەكەوە یان خوشك و برایەكی هاوسەردار بەیەكەوە، بەڵام ئێستە جارێكی تر دەگەڕێنەوە ماڵە تەنیاكان.
ئاماژەی دا، باشبوونی دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان، هۆكارێكی سەرەكییە بۆ گرانبوونی كرێی خانوو.