سەرۆك بارزانی و عادل عەبدولمەهدی كۆ دەبنەوە

:: AM:09:00:15/10/2018 ‌
ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حكوومەتی عێراق بڵاوی كردەوە، كە عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق لەم نزیكانە و بەر لەوەی كابینەی حكوومەتەكەی ڕابگەیەنێت، لەگەڵ سەرۆك بارزانی كۆ دەبێتەوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بەشداری كورد لە حكوومەتی نوێی عێراق.

ڕۆژنامەی سەباح لە زاری شیروان دوبەردانی پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا بڵاوی كردووەتەوە، كە دیداری سەرۆك بارزانی و عەبدولمەهدی كات و شوێنەكەی ڕوون نییە، بەڵام بەر لە ڕاگەیاندنی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق دەبێ، پرسی بەشداری پارتی لە حكوومەتی داهاتووی عێراق دەخرێتە بەرباس.

زیاتر گوتی، عەبدولمەهدی دەیەوێ دڵنیایی بداتە سەرۆك بارزانی، كە داوا سەرەكییەكانی كوردستان لە جێبەجێكردنی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان لە بڕیارەكانی جێبەجێ دەكات، بۆیە عەبدولمەهدی دەیەوێ بە ڕوونی ئەوە بە سەرۆك بارزانی ڕابگەیەنێت  كە باوەڕی بەو سێ بنەمایە كە سەرۆك بارزانی بەردەوام دووپاتی لێ دەكاتەوە و پابەندیشی دەبێت و هاوبەشییەكی نیشتمانی تەواو لە پەرلەمان و سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت دروست دەكرێ.

نزیكەی دوو هەفتە بەسەر ڕاسپاردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق تێپەڕیوە، تا ئێستە عادل عەبدولمەهدی نەیتوانیوە كابینە وەزارییەكەی دروست بكات و تەنیا 15 رۆژی تریشی لە بەردەم ماوە، بەگوێرەی زانیارییەكان شیعەكان لە نێوان خۆیان یەكلا بوونەتەوە، بەڵام كوردستان و سوننە ماون، تا عادل عەبدولمەهدی لەگەڵیان بكەوێتە گفتوگۆ و بەشداری لە حكوومەتی نوێ بكەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د