عەنکاوە گەشتیارانى ناوخۆیى و بیانى کۆ دەکاتەوە

:: PM:01:31:16/12/2016 ‌


عەنکاوە، بەدوورى تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندى شارى هەولێر هەڵکەوتووە، دانیشتووانەکەى بە ئاین مەسیحى و بە نەتەوە کلد و ئاشوورین، لەپاڵ ئەواندا چەند خێزانێکى بە نەتەوە کورد و بە ئاین مسوڵمان دەژین. ئێرە گەڕەکێکى ئارامى شارەکەیە و کافتریا و یانەکانى خواردنەوە تیایدا سەرنجى گەشتیارانى ناوخۆیى و گەشتیارانى بیانى رادەکێشێت.

بەختیار مەولوود، گەنجێکى دانیشتووى شارى هەولێرە، ئەو لەگەڵ هاوڕێکانى سەردانى عەنکاوەى کردووە و بە "وشە" دەڵێ، "عەنکاوە ئارامییەکى زۆرى تێدایە، لەگەڵ هاوڕێکانم بە بەردەوامى دێینە ئێرە و زۆرجار بە سوید ناوى دەبەین".

وائیل حەننا پتڕۆس خاوەنى فرۆشگەى مەى لە عەنکاوە، بە "وشە" دەڵێ، "خەڵک لە هەموو چین و توێژێک روو لە عەنکاوە دەکەن، هەندێک هاووڵاتییانى خۆمان و هەندێک بیانین".

فرۆشگەکانى مەى لە عەنکاوە، بەشێک لە بازاڕى شارۆکەکە پێک دێنن، بەڵام وەک ئەو خاوەن فرۆشگەیەى مەى ئاماژەى بۆ دەکات، "بەگشتى کێشەمان لەگەڵ کڕیارەکان نییە، بەڵام هەندێکیش کێشە دروست دەکەن، پارە نادەن یان بە سەرخۆشى دێن و قسەى نەشیاو دەکەن یان بوتڵى شەراب لە بەردەم فرۆشگە دەشکێنن".

شارۆکەى عەنکاوە سەر بە بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانیى هەولێرە و تەنیا پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارى هەولێر دوورە و سروشتێکى تایبەتى لە شارى هەولێر وەرگرتووە، بەڵام  بەهۆى فرەوانبوونى شارى هەولێرەوە، ئێستە بەتەواوەتى خەریکە لەگەڵ شارەکە تێکەڵ دەبێت و هیچ سنوورێک نامێنێتەوە. 

سۆلاڤ هرمز بەڕێوەبەرى شارەوانیى عەنکاوە بە "وشە"ى راگەیاند، بەپێى دوایین سەرژمێرى کە ئەنجامیان داوە، ژمارەى دانیشتووانى رەسەنى عەنکاوە 15 هەزار کەسە لە هاووڵاتییانى مەسیحى بەهەردوو مەزەوى کاسۆلیک و پڕۆستانت، لەگەڵ هەبوونى حەوت کەنیسەى تایبەت بە ئەرمەن و ئاشووریى و مەسیحییە ئاوارەکان.

ئەو دەڵێ، "لەپاڵ مەسیحییەکاندا، تاک و تەرا خێزانى مسوڵمان لە عەنکاوە نیشتەجێن، زۆربەیان کەسانى نووسەر و هونەرمەند و مامۆستاى زانکۆن".

بەگوتەى بەڕێوەبەرى شارەوانیى عەنکاوە، لەپاش هێرشەکانى داعش بۆ سەر مووسڵەوە، 50 هەزار ئاوارەى مەسیحى لە دەشتى نەینەوا و شارەکانى ترى عێراقەوە ئاوارەى ئەو شارۆکەیە بوون و تیایدا نیشتەجێ بوون.

فرەیى ئاینى و نەتەوەیى لە شارى هەولێر بەگشتى، مێژوویەکى درێژى هەیە، ئەوەش وای کردووە تێکەڵاوییەک لەنێوان پێکهاتە جیاجیاکاندا دروست ببێت و بەشدارى لە بۆنە ئاینى و نەتەوەیییەکانى یەکتر هەبێت.

یەعقوب گۆرگیس پەرلەمانتارى مەسیحى لە لیستى ڕافیدەینى بزووتنەوەى دیموکراتى ئاشورى لە پەرلەمانى کوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، "هەولێر شارێکى ئارامە بۆ هەمووان، وەک مەسیحى و ئاشووریى هەست بە جیاوازییەک ناکەین لەو شارەدا، دڵخۆشین کاتێک لە بۆنەکانى وەک جەژنى لەدایکبوونى حەزرەتى مەسیح یان کریسمسدا گەنجان و هاووڵاتییانى مسوڵمان بەشداریى لە ئاهەنگەکانماندا دەکەن".

ئەو پەرلەمانتارە مەسیحییە بەپێویستى دەزانێت، حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە ناوەندەکانى خوێندن بایەخى زیاتر بە بابەتەکانى پێکەوەژیانى ئاینى بدات، "چونکە هەموومان لەم وڵاتەدا یەک چارەنووسمان هەیە".

هۆگر عەزیز گوتەبێژى پۆلیسى هەولێر، پێى وایە پێکەوەژیان و فرەپێکهاتەیى هەولێر و عەنکاوە، سەرنجى گەشتیاران رادەکێشێت.

ئەو بە "وشە" دەڵێ، "بەهۆى ئەو پێکەوەژیان و فرەئاینییەوە، گەشتیارانى بیانى روو لە هەولێر و عەنکاوە دەکەن".

هەولێر- هێمن رەفیق



وشە - تایبه‌ت