لە هەڵەبجە پێشانگای هەنار دەكرێتەوە

:: AM:09:17:15/10/2018 ‌
ساڵانە لە پارێزگای هەڵەبجە پێشانگای هەنار و بەرهەمە ناوخۆیییەكان دەكرێتەوە، بۆ ئەمساڵیش زۆرترین بەرهەم نمایش دەكرێن و هەنارەكەی عەبابەیلێ‌ و هەڵەبجە نمایش دەكرێن.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی ئەیلوول، ڕەزوان شێخ وەهاب كە جووتیارێكی بەشداری پێشانگای هەناری هەڵەبجەیە بۆ "وشە" گوتی، ساڵانە ئەو پێشانگایە دەكرێتەوە و بەرهەمێكی باشیشمان دەفرۆشرێت.

ئەو جووتیارە گوتی، ئەو پێشانگایە هەنگاوێكە بۆ ناساندنی بەرهەمە ناوخۆیییەكانی هەڵەبجە كە جووتیاران بەرهەمیان هێناوە، بۆ ئەمساڵیش بەشی زۆری جووتیاران بەشدار و بەرهەمیان هەیە بەتایبەت هەنارەكەی ناوچەی عەبابەیلێ‌ و سەرجەم بەرهەمەكانی تر كە لە مانگی ڕەزبەر پێ دەگەن.

بەپێی ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی پارێزگای هەڵەبجە هاتووە، ئامادەكاری بۆ پێشانگای بەرهەمە ناوخۆیییەكانی بەرێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە كۆتایی هاتووە و ئەمڕۆ لە باخی گشتی هەڵەبجە دەكرێتەوە.

لەبەشێكی ئاگەدارییەكە ئاشكرا كراوە، پێشانگاكە سەعات 10ـی سەرلەبەیانی دەست پێ دەكات و هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەتوانن بەشداری تێدا بكەن.

ماوەی چەند ساڵێكە پێشانگای هەڵەبجە بۆ بەرهەمە ناوخۆیییەكان دەكرێتەوە و هەناریش یەكێكە لەو بەرهەمانەی زۆرترین بەشداری پێ‌ دەكرێت و بەشی زۆری پێشانگاكە دەگرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد