نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: AM:09:21:15/10/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هەفتەیەكی نوێ لە بازاڕی بۆڕسە دەستی پێ كرد و لە چەند سەعاتی سەەرەتای یەكەمی ئەو بازاڕەش نرخی نەوت هەڵكشاوە.

هەفتەی رابردوو هەفتەیەكی خراپ بوو بۆ بازاڕی نەوت و نرخەكەی بە رێژەیەكی بەرچاو دابەزی. هەفتەكە بە پێچەوانەی چوار هەفتەی پێشتر كە نرخی نەوت لەهەڵكشاندابوو، دابەزینی تۆمار كرد و گەیشتە نزمترین ئاست كە لە سێ هەفتەی رابردوودا تۆمار كرابێت.

سەرەتای هەفتەكە نرخی نەوت بە نزیكەی 84 دۆلار دەفرۆشرا بەڵام رووی لە دابەزین كرد و لە كۆتایی هەفتەدا نرخەكەی بە 80 دۆلار و 51 سەنت داخرا.

بەگوێرەی dailyfx ئەمڕۆ دووشەم نرخی نەوت نزیكەی دۆلارێك هەڵكشاوە و ئێستە هەر بەرمیلێكی بە 81 دۆلار و 20 سەنت دەفرۆشرێت و دیار نییە لە بەرزبوونەوە بەردەوام دەبێت یان هەڵكشانێكی كاتییە و روو لە دابەزین دەكاتەوە.

گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە ماوەی رابردوودا پێوەندی بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هەبووە كە لەو كاتەدا كێشە بۆ پێداویستی نەوتی دنیا دێتە كایەوە و هاوكات ئەوەی هۆكار بووە لەوەی نرخی نەوت داببەزێت ئەو هەوڵانە بووە بۆ بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و قەرەبووكردنەوەی كەمیی نەوتی ئێران گیراونەتەبەر.



وشە - سلێمان تاشان