ریال مەدرید لەباڵی چەپ لەسەرجەم یانەكانی ئیسپانیا باشتر بووە

:: AM:09:29:15/10/2018 ‌

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی لە تۆژینەوەیەكدا دەری خستووە كە یانەی ریال مەدرید لە یارییەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیادا لە باڵی چەپەوە باشترین یانە بووە.

رۆژنامەكە لە تۆژینەوەكەدا ئاستی هێرشبردنی سەرجەم یانەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیای لە باڵی راست و چەپ و ناوەڕاست خستۆتەڕوو.

یانەی ریال مەدرید كە ئێستا بە 14 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمی یانەكانی ئیسپانیا دێت، 44%ی هێرشەكانی لە باڵی چەپدا بووە كە مارسێلۆ و ئەسینسیۆ و ئیسكۆ یارییان تێدا كردووە، لە ریزی دووەمیش یانەكانی لیگانیس بە رێژەی 42% و سێیەمیش یانەی بەلەد وەلید بە رێژەی 42% بوونە.

یانە ركابەرەكەشی (بەرشەلۆنە) لەم باڵەدا ئاستی وەك پێویست نەبووە و تەنیا 35.7%ی هێرشەكانی لە باڵی چەپدا بووە.

لە باڵی راستیشدا یانەی ئەتلەتیك بیلباو لە ریزبەندی یەكەمی یانەكان ناوی تۆمار كراوە كە 44.1%ی هێرشەكانی لە باڵی راستدا بووە، دوای ئەویش یانەكانی هویسكا بە رێژەی 42.7% و یانەی خیتافی بە رێژەی 41.7% هێرشەكانیان لە باڵی راستدا بووە.

لە ناوەڕاستیشەوە یانەی سێلتا فیگۆ لە ریزی یەكەمی یانەكان ناوی تۆمار كراوە كە زۆرترین هێرشی لە ناوەڕاستەوە دەست پێ كردووە بە رێژەی 31.7%، دوای ئەویش یانەی بەرشەلۆنە دێت بە رێژەی 30.7% و لە ریزی سێیەمیش ناوی یانەی ڤالێنسیا هاتووە بە رێژەی 28.9%.

رۆژنامەی (ماركا) وێنەی تۆژینەوەكەی سەبارەت بە ئاستی هێرشبردنی یانەكانی خولی ئیسپانیای لە باڵەكانی چەپ و راست و ناوەڕاست بەمشێوەی خوارەوە بڵاو كردۆتەوە:-






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م