لەو هەفتەیە كوردستان 72 سەعات بێ كارەبا دەبێت

:: AM:10:10:15/10/2018 ‌
وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد لەو هەفتەیە بۆ زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وێستگەی گازی سروشتی هەولێر و چەمچەماڵ، بۆ ماوەی نزیكەی 72 سەعات هەردوو وێستگەكە دەوەستن و تا بۆڕی گازی سروشتیان پێ دەبەسترێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تشرینی یەكەم، لە ئاگەدارییەكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، هاووڵاتییان ئاگادار دەكەینەوە رۆژی هەینی رێكەوتی 19/10/2018 كۆمپانیای داناغاز بە هاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەڵدەستێت بە جێبەجێ كردنی پرۆژەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ڕێی غازی سروشتی.

لە بەشێكی ئاگەدارییەكە ئاشكرا كراوە، بەهۆی بەستنەوەی بۆڕییەكانی غازی سروشتی بۆ ماوەی 48 تا 72 سەعات بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەر دوو وێستگەی غازی هەولێر و چەمچەماڵ رادەوەستێت.

لە كۆتایی ئاگەدارییەكە ئاماژە دراوە، وەزارەتی كارەبا بە هاوكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەپەرۆشەوە كار دەكات لە ڕێی پلان و بەرنامەیەكی تۆكمەوە، بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە كاریگەریی كەمی لەسەر هاووڵاتیان هەبێت، هەروەها دوای جێبەجێ كردنی پرۆسەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی غاز كاریگەری باشی لەسەر بەرهەمهێنانی كارەبا دەبێت و هاووڵاتییان سوودمەندی سەرەكی دەبن.

هەرێمی كوردستان بۆ بەرهەمێهانی كارەبا بەشی زۆری پشت بە هەردوو ناوەندی بەرهەمهێنانی كارەبا دەبەستێت لە چەمچەماڵ و هەولێر.
 



وشە - رامیار جەواد