یەكگرتوو: ئاشكرایە كێ خیانەتی لە كەركووك و كوردستان كرد

:: AM:10:35:15/10/2018 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای كرد، كەركووكییەكان پشتیان بەهێزی پێشمەرگە بەستبوو هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد ڕادەستی عێراقییەكان بكرێنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تشرینی یەكەم، جوان حسێن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ "وشە" گوتی، ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەر ئەوەی پێشبینی نەدەكرا ئەوە بوو جارێكی تر كەكووك ڕادەستی هێزەكانی عێراق بكرێتەوە، هەروەها ئەوەش ئاشكرایە كێ‌ خیانەتی لە كەركووك كرد، چونكە خۆیان لەسەر دەزگە ڕاگەیاندنەكان گوتیان ئێمە ڕێكەوتنمان كردووە.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك گوتی، كەركووكییەكان ئەو ڕۆژە هاوشێوە ساڵانی 80 كان ئازاریان كێشا كە ڕژێمی بەعس ئاوارەی كردن، بەڵگەش هەیە كە كێ‌ كەركووكی ڕادەست كرد، بۆیە هەرگیز نەدەبوو ئەو ڕووداوە بەسەر كەركووك ڕووبدات.

ئاماژەی دا، لە 12ـی ئۆكتۆبەر ئەو ڕێكەوتنە كرابوو بۆ ڕادەست كردنی كەركووك ئەوەش بۆ ئێمە و كەركووكیەكان نەزانرابوو تا بەرەبەیانی ڕۆژی 16ـی ئۆكتۆبەر.

لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی یەكێتی لە بەرانبەر بە قاچاخبردنی نەوتی كەركووك، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجام دا و كەركووكیان ڕادەستی میلشیاكان كرد، بەوهۆیەوە 170 هەزار هاووڵاتی كورد ئاوارە بوون و دوو هەزار خانوو و دووكانی كورد لە خورماتوو و ناوچەكانی تر سووتێنران و تەقێنرانەوە، تاڵانی و كوشتوبڕی كورد بووەتە دیاردەیەكی ئاسایی و بە عەرەبكردن بە چڕی دەستی پێ كردووەتەوە و زمانی كوردی لە ناوچەكە قەدەغە كراوە.



وشە - رامیار جەواد