ڤالڤێردی چارەنووسی لەگەڵ بەرشەلۆنە یەكلایی دەكاتەوە

:: AM:10:57:15/10/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی هەواڵێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەی چارەنووسی ئێرنێستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بڵاو كردەوە.

رۆژنامەی (سپۆڕت) ئاشكرای كرد كە ڤالڤێردی خۆی بڕیاریداوە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دەستبەرداری ئەركی راهێنەرایەتی یانەی بەرشەلۆنە ببێ.

بەگوێرەی سەرچاوەكە راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە وا هەست دەكات كە لەلایەن كارگێڕی یانەكەیەوە پشتگیری تەواو ناكرێ بەتایبەتیش دوای رۆیشتنی رۆبێرت فێرناندێزی سكرتێری پێشووی یانەكەوە.

ڤالڤێردی بەهۆی پاڵەپەستۆكانی سەرییەوە هەست بە ماندووبوون دەكات و رەنگە چەند رۆژێكی تر بەفەرمی جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنە لە كۆتایی وەرز رابگەیەنێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە لە ئێستاوە كەتۆتەخۆ بۆ دیاریكردنی جێگرەوەیەك بۆ ڤالڤێردی لە وەرزی داهاتوودا.

رۆژنامەی (سپۆڕت) ئاشكراشی كرد كە سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە 2 راهێنەری بۆ شوێنی ڤالڤێردی دیاری كردووە كە ئەوانیش برێتین لە كیكی سیتین راهێنەری ئێستای یانەی ریال بیتیس و جۆردی كڕۆیف كوڕی ئەفسانەی پێشووی هۆڵەندی یۆهان كڕۆیف.

لای خۆشییەوە پیپ سیگۆرا بەڕێوەبەری گشتی یانەی بەرشەلۆنە چەند رۆژێك پێش ئێستا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو كە بۆچوونیان وایە لە كاركردن لەگەڵ ڤالڤێردی بەردەوام بن تا كۆتایی ئەم وەرزە.

ڤالڤێردی لە هاوینی 2017 گرێبەستی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئیمزا كرد بۆ ماوەی 2 وەرز لەگەڵ ئەگەری نوێكردنەوەی بۆ وەرزێكی تریش، دوایین وادەش بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكە ئایار (مانگی 5)ی ساڵی داهاتووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م