مانچستەر سیتی دەتوانێ چامپیۆنس لیگ بباتەوە؟ گواردیۆلا وەڵام دەداتەوە

:: AM:11:18:15/10/2018 ‌

پێپ گواردیۆلای راهێنەری ناوداری ئیسپانی هەلی تیپەكەی یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا (چامپیۆنس لیگ)ی ئاشكرا كرد.

گواردیۆلا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی رایگەیاند: پێموانییە یانەی مانچستەر سیتی لەنێو پاڵێوراوە سەرەكییەكانی بردنەوەی ناسناوی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بێت.

زیاتر گوتی: مێژووی یانەی مانچستەر سیتی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا گەورە نییە، پێموایە باشترین ئەنجام بۆ یانەكە گەیشتنە بۆ یاریی پێش كۆتایی خولەكە، لە راستیشدا نازانم ئامادەین ئەمساڵ بگەینە ئەم قۆناغە یان نا.

گواردیۆلا هەروەها رایگەیاند: لەسەر یانەی مانچستەر سیتی پێویستە زیاتر ئامادەكاری بكات بۆ ئەوەی ببێت بە یانە پاڵێوراوە سەرەكییەكانی بەدەستهێنانی ناسناوەكە، بۆ نموونە یانەی یۆڤێنتۆس كە یانەیەكی گەورەیە لە رووی مێژووییەوە ئەمساڵ پاڵێوراوی یەكەمە بۆ بردنەوەی جامەكە.

یانەی مانچستەر سیتی لە وەرزی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە كۆمەڵەی شەشەم یاری دەكات و تا ئێستاش 2 یاری ئەنجامداوە، لە یاریی یەكەمدا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی لیۆنی فڕەنسی دۆڕا بوو، لە یاریی دووەمیشدا بە هەمان ئەنجام لە یانەی هۆڤنهایمی ئەڵمانی بردبووەوە، یانەكە رۆژی 23ی ئەم مانگە لە ئۆكڕانیا دەبێتە مێوانی یانەی شاختار دۆنیتسك.

یانەكە پارساڵ جامی خولی نایابی ئینگلیزی بەدەستهێنابوو و ئەمساڵیش دوای ئەنجامدانی 8 یاری بەكۆكردنەوەی 20 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكاندایە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م