هازارد: ناچمە یانەی ریال مەدرید!

:: AM:11:29:15/10/2018 ‌

ئیدین هازاردی ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەی بەلجیكا رایگەیاند كە ئەم زستانە ریزی یانەی چێڵسی ئینگلیزی جێناهێڵێ و ناچێتە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە.

لەم دواییەدا دەنگۆی پەیوەندیكردنی هازارد بە یانەی ریال مەدرید بەشێوەیەكی بەربڵاو لەسەر لاپەڕەی رۆژنامە جیهانییەكان بڵاو دەبێتەوە.

لەمبارەیەوە هازارد لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (گۆڵ)ی جیهانی رایگەیاند: لەنیوەی وەرزی و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ریزی یانەی چێڵسی جێناهێڵم و تا كۆتایی وەرز لە یاریكردن لە خولی نایابی ئینگلیزی بەردەوام دەبم.

زیاتر گوتی: بەرپرسانی یانەی چێڵسی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا لەگەڵم راستگۆ بوون، بۆیە رەتم كردەوە یانەكە جێبێڵم، ئێستاش ئەگەر بمێنمەوە یان بڕۆم دڵخۆش دەبم.

هازارد رەتیشی كردەوە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی چێڵسی بكەوێتە ركەوە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بكات، هەرچەندە ئارەزوویەكی زۆریشی هەیە بۆ یاریكردن لەگەڵ یانەی شاهانەدا.

لە كۆتاییدا هازارد جەختی كردەوە كە لە رابردووشدا بەخۆشی و بەبێ كێشە ریزی یانەی لیلی فڕەنسی جێهێشتبوو، ئارەزووش دەكات بەهەمانشێوە لە وەرزی داهاتوو یانەی چێڵسی جێبێڵێ.

جێی باسە هازارد چەند رۆژێك پێش ئێستا دانی بەوەدانابوو كە هەر لە منداڵییەوە عەشقی یانەی ریال مەدریدە و هەموو خەونیشی ئەوەیە رۆژێك لە رۆژان بە درێسی سپی یانەی شاهانە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاری بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م