ئەمەریكا لە ترسی حەشدی شەعبی داوای گرەنتی لە حكوومەتی بەغدا دەكات

:: AM:11:58:15/10/2018 ‌
بەرپرسانی حكوومی و سیاسەتمەدارانی عێراق هێما بۆ ئەوە دەكەن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەستی بە هەنگاوی چڕ كردووە، بۆ ئەوەی لە حكوومەتی داهاتوو و سەركردەی هێزە سیاسییەكانی عێراق، بەتایبەتی موقتەدا سەدر و هادی عامری دڵنیایی وەرگرێ كە بە هیچ شێوەیەك پەلاماری هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق نادرێت.

بەرپرسێكی باڵای عێراق بە ڕۆژنامەی "العربی الجدید"ی ڕاگەیاند، سەدرییەكان و هاوپەیمانی فەتح و مالیكی و حزبی فەزیڵە كۆكن لەسەر پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسایەك بۆ دەركردنی هێزەكانی بیانی لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا، ئەمەیش یەكێكە لەو خاڵانەی كە ئەو لایەنانە لەسەری ڕێككەوتوون لەمیانەی گفتوگۆكانیان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران و دیاریكردنی عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەو ئەركە.

زیاتر گوتی، دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی عەبدولمەهدی، دەستبەجێ پڕۆژە یاساكە پێشكەشی پەرلەمان دەكرێ، هەرچەندە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر بە هەموو توانایەوە دەیەوێ ڕێ لەو كارە بگرێ، راپۆرتی بۆ پەرلەمان ڕەوانە كردووە، كە دەرچوونی هێزەكانی بیانی لە عێراق مەترسیدار دەبێ و عێراق پێویستی بە كۆكردنەوەی ئەزموون و شارەزایی هێزەكانی بیانییە لە سەربازەكانی، جیا لەوەیش هێزەكانی عێراق تا ئێستەیش لەرزۆك و فشەڵن و بەرگی هیچ مەترسییەك ناگرن.

بەرپرسێك لە پەرلەمانی عێراقەوە دووپاتی لە ناردنی ڕاپۆرتەكەی عەبادی بۆ پەرلەمان كردەوە و گوتی، راپۆرتەكە تەواو واقیعییە و دۆخەكەی بە وردی خستووەتە ڕوو، بەڵام هەر چۆنێك بێ ئەو پڕۆژە یاسایە لە سەردەمی حكوومەتی عەبدولمەهدی تێدەپەڕێنرێت و هێزەكانی بیانی لە عێراق دەردەكرێن.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئێستە ئەمەریكییەكان لە هەوڵی چڕدان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ سەركردە شیعییەكانی عێراق بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی كارتەكانیان، پاش ئەوەی شكستیان هێنا لە پێدانەوەی ویلایەتی دووەمی عەبادی، بەڵام هەریەك لە سائیروون و فەتح و فەزیڵە و عەتا و دەوڵەتی یاسا و كەفائات و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كورد و سوننە كە سەر بە ئێرانن دەنگ بۆ ئەو پڕۆژەیاسایە دەدەن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د