قۆناغی یه‌كه‌می لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه له سكاڵای قه‌واره سیاسییه‌كان كۆتایی هاتووه، كۆمسیۆن ده‌ستى كردووه به وردبینى و لێكۆڵینه‌وه له سكاڵا سووره‌كانى پارێزگاى هه‌ولێر، به‌ڵام له هه‌ڵه‌بجه هیچ سكاڵایه‌كی سوور تۆمار نه‌كراوه.
شێروان زرار گوته‌بێژ و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نى كۆمسیاران، له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن به بوێریی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سكاڵاكان بكات و كاره‌كانى ئه‌نجام بدات و ئه‌وه‌ى كردوویه‌تى بۆ قه‌واره سیاسییه‌كان روونی بكاته‌وه، پێم وایه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى حزبه‌كانیش ده‌بێت كه بڕٍوا به‌و ئه‌نجامه بكه‌ن كه كۆمسیۆن رای ده‌گه‌یه‌نێت و قبووڵى بكه‌ن.
كۆمسیۆن لیژنه‌یه‌كی پێكهێناوه بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر سكاڵای قه‌واره سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌ش بڵاو كراوه‌ته‌وه كه چه‌ند سكاڵان، ده‌كرێ زانیاریی زیاتر وه‌ربگرین له‌سه‌ر جۆر و ره‌نگی سكاڵاكان و كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن؟
كۆى گشتى سكاڵاكان 779 سكاڵایه، 348یان زه‌رد، 270 سه‌وز و 161 سوور. له هه‌ڵه‌بجه 23 سكاڵا هه‌بووه، 16یان زه‌رد و حه‌وتیان سه‌وز بووه، هیچ سكاڵایه‌كی سوور تۆمار نه‌كراوه، له دهۆك 98 سكاڵا هه‌یه، 74ی زه‌رد و 12ى سه‌وز و 12 سوور، له هه‌ولێر 275 سكاڵا هه‌یه، 100ی زه‌رد و 98ی سه‌وز و 77ی سووره، له سلێمانیش 383 سكاڵا تۆمار كراوه، 158ى زه‌رد و 153ی سه‌وز و 72ى سوور.
سكاڵاى ره‌نگ زه‌رد كاریگه‌ری به‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سندووقه‌كانى ده‌نگدان نابێت، به‌ڵكو لادانه له هه‌ندێك رێنوێنیی كۆمسیۆن یان ئاسانكاری بۆ ده‌نگده‌ران كه به یه‌ك به‌ڵگه‌نامه ده‌نگ بدات، یان پرسێكی له‌و جۆره كه كاریگه‌ری گه‌وره له‌سه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن دانانێت، هه‌رچی سه‌وزه‌كانه دواى لێكۆڵینه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كاریگه‌ری ده‌بێت یان نا، به‌و مانایه‌ی له نێوان زه‌رد و سووردایه، چونكه ئه‌گه‌ر له لێكۆڵینه‌وه ده‌ركه‌وت به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه ئاسانكاری بۆ ده‌نگده‌ر كردبێت یان بۆ هێزی ته‌ناهی یان رێنوێنییه‌كانی كۆمسیۆنى وه‌ك خۆی جێبه‌جێ نه‌كردبێت، ئه‌گه‌ر سكاڵا سه‌وزه‌كان كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌سه‌ر بنكه‌كانی ده‌نگدان، ئه‌وا ره‌نگه‌كه‌ی بۆ سوور ده‌گۆڕێت، هه‌رچی سكاڵا سووره‌كانن، له رووكه‌شدا دیارن كه كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان هه‌بووه، وه‌ك هه‌ڵكوتانه سه‌ر بنكه‌كانى ده‌نگدان یان هه‌ڕه‌شه‌كردن له كارمه‌ندانى كۆمسیۆن یان بردنى سندووق و هێنانه‌وه‌ی، به‌و مانایه‌ی هه‌ر كاتێك كۆمسیۆن ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر بنكه‌یه‌كدا نه‌مابێت، ئه‌وا سندووقه‌كان قردێله‌ى سووری لێ ده‌درێت و ده‌خرێته ژێر پرسیاره‌وه، دواى لێكۆڵینه‌وه بڕیار ده‌درێت كه ده‌نگی ئه‌و سندووقه هه‌ژمار بكرێت یان نا.
كه‌واته لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له سكاڵاكان، كه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانى له‌سه‌ر ئه‌و سندووقانه ته‌واو ده‌بێت؟
له چه‌ند رۆژی رابردوو تا دوێنێ سێشه‌م شه‌ش كۆبوونه‌وه كراون بۆ جیاكردنه‌وه و پۆلێنكردنی سكاڵاكان، ئه‌مه كراوه و له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێ داوه، قۆناغی دووه‌می كاری لیژنه‌ی سكاڵا كه له پێنج ئه‌ندام پێكهاتووه، لێكۆڵینه‌وه له سندووقه سووره‌كان، پاشان سندووقی سه‌وز و هه‌رچی زه‌رده له ئۆفیسی شاره‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت.
له دانیشتنى شه‌شه‌مدا كه دوێنێ سێشه‌م به‌ڕێوه چوو، له‌سه‌ر سكاڵا سووره‌كانى هه‌ولێر، له كۆی 77 سكاڵا كه پێشتر پۆلێن كرابوو، ده‌ركه‌وت سكاڵای دووباره هه‌ن له‌لایه‌ن قه‌واره سیاسییه‌كان له‌سه‌ر یه‌ك بنكه‌ى دیاریكراو، ئه‌وان یه‌ك خران، ئێسته 51ی سكاڵای سووری نادووباره له هه‌ولێر هه‌ن، ئه‌و سكاڵایانه‌ش له ژێر لێكۆڵینه‌وه‌ى ورددان.
كه‌واته كه‌ی ئه‌نجامی كۆتایی سكاڵاكان راده‌گه‌یه‌نن؟
ناتوانین كات ده‌ستنیشان بكه‌ین، ئه‌مه پێوه‌نداره به چاره‌نووسی خه‌ڵك، بۆیه ئێمه له لێكۆڵینه‌وه و كاری خۆمان به‌رده‌وامین و ئه‌نجامی كۆتاییش راناگه‌یه‌نین ئه‌گه‌ر یه‌ك ساڵی تریشی پێ بچێت تا دڵنیا نه‌بین له‌وه‌ى كردوومانه، چونكه ئه‌مه پێوه‌ندی به داهاتووى پێكهێنانى حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و قه‌واره سیاسییه‌كانه‌وه هه‌یه، ئه‌گه‌رچی په‌له‌مانه ئه‌نجامی كۆتایی رابگه‌یه‌نین تا حكوومه‌ت و په‌رله‌مانى نوێ پێك بهێنرێت.
راگه‌یاندنى ئه‌نجامی كۆتایی پێوه‌نداره به دوو به‌ش، به‌شێك له تیمی كۆمسیۆن كه كار له‌سه‌ر تۆماركردنى ده‌نگه‌كان ده‌كات و خستنه ناو به‌رنامه‌ی تایبه‌ت كه له هه‌مانكاتدا له‌سه‌ر بنه‌ماى قه‌واره و كاندید ده‌نگه‌كان له یه‌كتر جیا ده‌كرێنه‌وه، داخڵكردنى فۆڕمه‌كان ره‌نگه شه‌ش رۆژى تر بخایه‌نێت، به‌ڵام به‌شی دووه‌م كه تیمی لێكۆڵینه‌وه‌یه له سكاڵاكان، ئه‌ویش هه‌فته‌یه‌كی زیاتری ده‌وێت، كێشه‌كه لێره‌دایه كه كاری ئێمه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگه‌كان ده‌بێت، بۆیه ده‌بێ تیمی یه‌كه‌م ئه‌و ده‌نگانه بسڕێته‌وه كه به‌هۆی سكاڵا سووره‌كانه‌وه لیژنه‌ى سكاڵای كۆمسیۆن بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، كه‌واته كاری هه‌ردوو تیمه‌كه ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، بۆیه ناتوانم به دروستى بڵێم كه‌ی كۆتایی دێت.
له پاڵ ئه‌مه‌شدا، دواى راگه‌یاندنى ئه‌نجامی كۆتایی، سێ رۆژ له به‌رده‌م قه‌واره سیاسییه‌كاندا ده‌بێت بۆ تۆماركردنى تانه له‌سه‌ر ئه‌نجامی كۆتایی، پاشان حه‌وت رۆژ له به‌رده‌م دادگای پێداچوونه‌وه هه‌یه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى تانه‌ى قه‌واره سیاسییه‌كان.
قسه له‌سه‌ر واژوو نه‌كردنى ئه‌نجامه‌كان ده‌كرێت، ئایا كۆمسیۆن دابه‌شی سه‌ر دوو به‌ره بووه؟
له‌ناو كۆمسیۆن ده‌كرێ رای جیاواز هه‌بێت، به‌ڵام وه‌ك بینیتان له راگه‌یاندنى ئه‌نجامی به‌رایی هه‌موو به‌یه‌كه‌وه وه‌ستاین، ئه‌مه‌ش بۆ پاراستنی حورمه‌تی به نیشتمانی هێشتنه‌وه‌ى كۆمسیۆنه كه هه‌ندێك ئیعتباراتى سیاسی هه‌یه نه‌یخوێنینه‌وه، بۆیه پاراستنى كۆمسیۆن وه‌ك ده‌زگه‌یه‌كی نیشتمانى لای ئێمه له هه‌موو شت گرنگتره. پرسى واژووكردنیش له‌سه‌ر ئه‌نجامی كۆتایی هێشتا كاتى نه‌هاتووه، له كاتى خۆیدا شته‌كان روون ده‌بنه‌وه، به‌تایبه‌ت دواى كۆتاهاتنى كاری لیژنه‌ى به‌دواداچوون له‌سه‌ر سكاڵای قه‌واره سیاسییه‌كان.
دواجار ئێوه‌ش نوێنه‌ری حزبهكانتانن، ده‌چنه ژێرباری گوشاری حزبه‌كانتان یان ده‌تانه‌وێ نیشتمانى بن وه‌ك خۆت ده‌ڵێی؟
ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ده‌یكه‌ین بۆ حزبه‌كانه بۆ خۆمان نییه، ئێمه زۆر به ئه‌مانه‌ته‌وه كاری خۆمان كردووه، به بڕواى من زۆر ئاسایییه پێش راگه‌یاندنى ئه‌نجامی كۆتایی بۆ رای گشتى، ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن به بوێریی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سكاڵاكان بكات و كاره‌كانى ئه‌نجام بدات و ئه‌وه‌ى كردوویه‌تى بۆ قه‌واره سیاسییه‌كان روونی بكاته‌وه، پێم وایه كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى حزبه‌كانیش ده‌بێت كه بڕوا به‌و ئه‌نجامه بكه‌ن كه كۆمسیۆن رای ده‌گه‌یه‌نێت و قبووڵى بكه‌ن.