نیمار: شەرمەزارییە میسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین نەبێت

:: PM:12:11:15/10/2018 ‌

نیمار دا سیلڤای كاپتنی هەڵبژاردەی بەڕازیل و ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دڵگرانی خۆی بە ئامادەنەبوونی لیۆنێل میسی ئەستێرە و كاپتنی یەكەمی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەربڕی لە یارییە دۆستانەكانی ئەم دواییەدا.

نیمار لەگەڵ هاوڕێكانی لە هەڵبژاردەی بەڕازیل سبەی سێشەم لە پاڵەوانیەتیی چوارینەی ناودەوڵەتیدا (سوپەر كلاسیكۆ) لە وڵاتی سعوودییە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەبێتەوە.

نیمار بۆ رۆژنامەی (یۆرۆ سپۆڕت)ی جیهانی رایگەیاند: هەرچەندە یارییەكەی سبەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یارییەكی دۆستانەیە، بەڵام ئێمە وەك یاری دێربی سەریری دەكەین و بە ئامانجی سەركەوتنیش یاری دەكەین، دڵنیام ئەوانیش بەم ئامانجە یاری دەكەن.

زیاتر گوتی: دڵنیام یارییەكی بەهێز و بەچێژ دەبێت لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەكەدا، هەرچەندە لە ریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین میسی و دی ماریا یاری ناكەن، بەڵام یاریزان و ئەستێرەی تری هەیە و دەتوانن بە ئاستێكی باش دەربكەون.

نیمار هەروەها رایگەیاند: جێگەی شەرمەزارییە میسی لە یارییەكەدا نەبێت، پێویستە ئەرجەنتینییەكان سوودی زیاتر لە میسی وەربگرن، چونكە ئەمە لە كۆتاییدا چێژ بە هەوادارانی تۆپی پێ دەگەیەنێ لەسەرتاسەری جیهان.

لە كۆتاییدا رایگەیاند: میسی ئەستێرەیەكە هەموومان حەز دەكەین لەنێو یاریگە بیبینین و بەدڵنیایشەوە بە ئامادەنەبوونی ئەو كەلێنێكی گەورە لە مێژووی تۆپی پێدا دروست دەبێت.

جێی باسە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە یاریی یەكەمی جامی سوپەر كلاسیكۆدا رۆژی پێنجشەمی رابردوو بە 4 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی عێراقی بردبووەوە، هەڵبژاردەی بەڕازیلیش بە 2 گۆڵی بێ وەڵام لە هەڵبژاردەی سعوودییەی مێوانداری پاڵەوانیەتییەكەی بردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م