سەرۆك بارزانی بۆ بێشكچی: سیمبۆل و جێی شانازیت

:: PM:01:31:15/10/2018 ‌
سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە ئیسماعیل بێشكچی كرد و ئاشكرای كرد، بێشكچی بۆ هەموومان جێگەی شانازییە و سیمبولە و بۆ چوون و تێڕوانینەكانی لەبارەی گەلی كوردستان جێی بایەخی زۆرە.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە دۆستی گەلی كورد و ڕووناكبیر و مێژوونووسی تورك ئیسماعیل بێشكچی كرد.

لە دیدارەكەدا ئیسماعیل بێشكچی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لە هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی كوردستان و مانگی پێنجی عێراق بە گرنگ و مانادار وەسف كرد و وێڕای ئاماژەدان بە ڕیفراندۆمی گەلی كوردستان دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو سەركەوتنانەی لیستی پارتی ئاماژەیە بەوەی كە سەرۆك بارزانی خاوەندارێتیی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان دەكات.

هاوكات سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستەكانی ئیسماعیل بێشكچی كرد لەمەڕ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و پێزانینیشی هەبوو بۆ هەوڵ و چالاكی و نووسینەكانی بێشكچی لە پشتگیریكردنی گەلی كوردستان و ڕای گەیاند، كە بێشكچی بۆ هەموومان جێگەی شانازییە و سیمبۆڵە و بۆچوون و تێڕوانینەكانی لەبارەی گەلی كوردستان جێگەی بایەخدانێكی زۆرە.

سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكانیدا ڕۆشنایی خستەسەر ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر، هەروەها سەركەوتنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەوەی دووپات كردەوە بەهۆی پێداگری لە مافەكانی گەلی كوردستان و هەڵوێستە نیشتیمانییەكانی، خەڵكی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستانیان پاداشت كرد و سەركەوتنی پارتی بەهۆی بەرگریكردنی بووە لە ماف و ئیرادەی گەلی كوردستان.

خۆڕاگری و تێكۆشانی گەلی كوردستان و مێژووی خەباتی خانەوادەی بارزانی و دەڤەری بارزان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.



وشە - رامیار جەواد