دادگای فیدڕالی بڕیارێكی عەبادی هەڵوەشاندەوە

:: PM:01:56:15/10/2018 ‌
نووسینگەی فاڵح فەیاز سەرۆكی دەستەی گشتی حەشدی شەعبی رای گەیاند، دادگای فیدڕالی بڕیاری دوورخستنەوەی فەیازی هەڵوەشاندووەتەوە، كە لەلایەن حەیدەر عەبادی درابوو، هەر بە بڕیاری دادگاش سەرجەم پۆستەكان بە فەیاز دراوەتەوە.

دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار/مایۆ، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیاری دا فاڵح فەیاز لە پۆستەكانی دوور بخاتەوە و هەموو دەسەڵاتەكانی لێ دابماڵێت، ئەمیش دوای بڕیارەكەی عەبادی پەنای بۆ دادگای فیدڕاڵ برد.

ئەمڕۆ نووسینگەی فەیاز لەبەیاننامەیەكدا رای گەیاندووە، دادگای فیدڕال بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی هەڵوەشاندووەتەوە و تەواوی پۆستە حكوومییەكانی بۆ فەیاز گێڕاوەتەوە.

 هەرچەندە تا ئێستە دادگای فیدڕالی بە فەرمی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی عەبادی رانەگەیاندووە، كەچی نووسینگەكەی دەڵێ‌" سەرچاوەیەك لە دادگا پێی راگەیاندووین، هەڵوەشانەوەی بڕیارەكەی عەبادی لەوە هاتووە، چونكە بیانووەكەی لە دوورخستنەوەی فەیاز رازیكەر و یاسایی نییە و پشت بە هیچ بڕگەیەكی دەستووری نابەستێت.

فالح فەیاز سەرۆكی دەستەی گشتی حەشدی شەعبی و ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، سەرۆكی قەوارەی "عەتا" بوو لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نەسڕ كە حەیدەر عەبادی سەرۆكایەتیی دەكرد، دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان فەیاز هاوپەیمانییەكەی عەبادی بەجێهێشت و چووە ڕیزی مالیكی و عامرییەوە، بەوهۆیەوە عەبادی لە پۆستەكانی دوورخستەوە و خۆی سەرپەرشتی دەستەی گشتی حەشدی شەعبی گرتە دەست.
لە سەروبەندی جەنگی داعش، بە فەتوای سیستانی میلیشیای حەشدی شەعبی دامەزرا، هەرچەندە هەندێك لەبەرپرسانی عێراق كار بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی ئەم میلیشیایە دەكەن، بەڵام هەتا ئێستە ئەم میلیشیایە خۆی بەسەر چەندان پێگەی دەوڵەتی عێراق سەپاندووە.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل