بایکۆت لە سلێمانى زیانى بە فرۆشگەکانى پۆشاکى قوتابییان گەیاندووە

:: PM:03:32:16/12/2016 ‌

تا ئێستە بایکۆتى قوتابخانەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوامە و مامۆستایان ئامادە نین بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن، بەهۆیەوە هەموو ئەو چالاکییە ئابوورییانەى پێوەندییان بە خوێندنەوە هەیە، وەستاون و لەو نێوەندەشدا فرۆشگەکانى جلوبەرگى قوتابییان لە داخستن نزیک دەبنەوە.

ماوەی زیاتر لە شەش هەفتەیە پرۆسەی خوێندن لە دوو پارێزگای هەرێمى کوردستان دەستی پێ کردووەتەوە، بەڵام تا ئێستە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەرگەی قوتابخانەکان بەڕووی خوێندکاراندا نەکراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانى پەروەردە دووپات لەوە دەکەنەوە کە پرۆسەی خوێندن لە مەترسیدایە، بەهۆى بایکۆتەکەیشەوە دەیان فرۆشگەى جلوبەرگى قوتابییان کڕیاریان نییە.

ئەحمەد حوسێن، یەکێکە لەو خاوەن دووکانانەی کە جلی خوێندنی مناڵانی هەیە، ئەو بە "وشە" دەڵێ، "پۆشاکەکانی ئێمە گشتی نین و تەنیا تایبەتن بە خوێندن، چەندان ساڵە بەو شێوەیە ئیش دەکەین و تەنیا ئەو پۆشاکانە دەهێنین کە خوێندکار لە قوتابخانە داوای لێ دەکەن، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ ئەوەی بڕێکی زۆر لە پۆشاکمان هێناوە، هێشتا هیچ سوفتاحێکمان نەکردووە و پۆشاکەکان وەک خۆیان ماونەتەوە".

زیاتر دەڵێ، "لە ئەیلوولی ئەمساڵ کە دەستمان بەهێنانی پۆشاکی خوێندن کرد، بەهۆی دەست پێنەکردنی دەوام لە سنوورەکە، تەنانەت هێندەش جلمان نەفرۆشتووە کە کرێی مانگانەی دووکانەی پێ بدەین، بەڵکو ڕۆژانە تەنیا دەچین دەرگەی دووکانەکە دەکەینەوە و چاوەڕێ دەکەین کەی بێت و بایکۆت بشکێت و بازاڕ جووڵەى تێبکەوێت".

فرۆشگەکانى تایبەت بە جلی منداڵان لەگەڵ ئەوەش کە پرۆسەی خوێندن دەستی پێ نەکردووە، لە لایەکی تریشەوە نائومێدن و هیچ هیوایەکیان نییە، چونکە پێیان وایە، لە لایەک کە بایکۆت هەیە، لە لایەکی تریش دۆخی خراپی دارایی هەیە، بۆیە پێیان وایە، ئەگەر پرۆسەی خوێندن لە سلێمانیش دەست پێ بکات، هاوشێوەى ساڵانى پێش تەنگژەى دارایى، بازاڕیان نابووژێتەوە، چونکە بەهۆى تەنگژەکەوە خەڵکێکى کەم جل بۆ منداڵەکانیان دەکڕن.

فازڵ جەعفەر، یەکێکی تر لە فرۆشیارانى جلى خوێندن، ئاماژە بە دۆخی ئێستەى هەرێم و بایکۆتی مامۆستایان دەکات کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەوان دروست کردووە، "لەگەڵ ئەوەی دۆخەکە خراپە، مامۆستایانیش لە لایەکی ترەوە ئەو دۆخەیان هێندەی تر خراپ کردووە، چونکە ئیشوکاری ئێمە ڕاستەوخۆ پێوەندی بە پرۆسەی خوێندنەوە هەیە".

ئەو بۆ "وشە" دەڵآ، "سەرجەمی دووکانەکانی تایبەت بە پۆشاکی خوێندن ئیشوکاریان وەستاوە، مانگانە پارەی کرێى دووکانەکانیش دەرناکەن، بڕێکی زۆر لە پۆشاکیش لە دووکانەکان هەیە کە ناکرێت دایخەین، بەڵام دووکانەکە دەکەینەوە و چاوەڕێی فرۆشتنێکی نائومێدانە دەکەین".

لای خۆیەوە، محەمەد ڕەئووف، شارەزای بواری ئابووری بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک، وەستانی پرۆسەی خوێندن لە سنووری پارێزگای سلێمانی کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی بازاڕ دەبێت و جموجوڵی بازرگانیش کەم دەبێتەوە، چونکە کە پرۆسەی خوێندن وەستا، خواست لەسەر پێویستییەکان نامێنێت.

باسی لەوەش کرد، لە کاتی پرۆسەی خوێندن خواستی زۆر لەسەر پێداویستی خوێندکار و قوتابی هەیە، کاتێک کە پرۆسەکە وەستابێت، ئیشکردن لەو بوارە کەم دەبێتەوە، بەشێکی بازاڕ دەوەستێت، ئەوانەشی کە لەو بوارە کار دەکەن و بژێویان لەسەر ئەوەیە، ئیشیان نامێنێت.

سلێمانى- هۆشیار عەلى



وشە - تایبه‌ت