شیوعی: 16ی ئۆكتۆبەر هەڕاجكردنی خوێنی پێشمەرگە بوو

:: PM:04:28:15/10/2018 ‌
سەركردەیەكی حزبی شیوعی كوردستان ئاشكرای كرد، 16ی ئۆكتۆبەر گەڕانەوەی كورد بوو بۆ 15 ساڵ پێش ئێستە و پێدانی خاكی كوردستان بوو بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.

ئەمڕۆ دووشەم 15ی تشرینی یەكەم/  ئۆكتۆبەر، ئەبو كاروان، پەرلەمانتاری كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەری خراپی هەبوو بۆ سەر كورد و خاكی كوردستان بە تایبەت گەڕانەوەی  هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبی بۆ ئەو ناوچە كوردستانیانەی كە پێشتر كورد فەرمانڕەوای دەكرد تیایاندا و بە خوێنی پێشمەرگە بە دەست هاتبوون و ئەوەیش بە مانای هەڕاجكردنی خوێنی پێشمەرگە دێت.

زیاتر گوتی، بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەرەوە خورماتوو و كەركووك كە پێشتر كورد دەسەڵاتداربوو لەو ناوچانە كەوتنەوە ژێر دەستی عەرەب و دەسكەوتەكانی كورد بە هەدەردران كە بە خوێنی پێشمەرگە بەرهەمهاتبوون، ئێستە لەو ناوچانە كورد هیچ دەسەڵاتی نییە.

بەرپرسەكەی حزبی شیوعی گوتی، بەهۆی 16ی ئۆكتۆبەرەوە كورد زۆر بە خراپی لەو ناوچانە مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت و ئازادییان سنووردار كراوە، ئەوەیش بۆ كورد و خاكی كوردستان و میللەت لە كەداركردنی شكۆیان بوو.

خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا، لەگەڵ میلیشیاكان و پاسداران ڕێككەوتن و كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكان كرد، لە بەرانبەر بە تاڵانبردنی نەوتی كەركووك، بەوهۆیەوە نزیكەی 170 هەزار هاووڵاتی كورد لەو سنوورانە ئاوارەبوون و دوو هەزار خانوو و دووكانی خەڵكی كورد لە خورماتوو سووتێنران و تەقێنرانەوە، زمانی كوردی قەدەغەكرا و بەعەرەبكردن بە چڕی دەستی پێكردەوە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو یەكێك بوو لەو خیانەتانەی لەناو كورد ئەنجام درا، لەو ڕۆژەدا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بەناپاكەكان ناسراون، هێرشیان كردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، ڕۆژەكە بە خیانەتی نیشتمانی دادەنرێت و بە سەتان كوردی شارەكە ئاوارە بوون. خیانەتكاران لە بەرانبەر ڕادەستكردنی كەركووك دەستكەوتی تایبەتیان وەرگرت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم