لە سلێمانی بەرپرسێكی حكوومی كوژرا

:: PM:04:37:15/10/2018 ‌
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی كوژرانی بەرپرسێكی حكوومی لە شارەدێی ناڵپارێزی سنووری پارێزگاری سلێمانی ڕاگەیاند و ئاماژە بەوەیش دەكەن دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە كردووە.

هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری شارەدێی ناڵپارێز، بە "وشە"ی راگەیاند، ڕووداوەكە لە نزیك بەنزیخانەی ناڵپارێز ڕوویداوە و بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەكان، لەكاتی رووداوەكەدا دەنگی تەقەیەكی زۆر بیستراوە.

ڕوونیشی كردەوە كە تائێستە هیچ كەسێك بەتۆمەتی كوشتنی بەڕێوبەری ئاوی ناڵپارێز نەگیراوە.

لای خۆشیەوە لوقمان لەتیف لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە كرد، تەرمی ئەو كەسە گەیاندراوەتە نەخۆشخانە و دەركەوتوە كە زیاتر لە پێنج فیشەكی پێوەبووە و بۆ زیاتر زانینی هۆكاری كوژرانەكەشی رەوانەی پزیشكی دادوەری شاری سلێمانی كراوە.

هاوكات بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە كە بەڕێوەبەری ئاوی شارەدێی ناڵپارێز بەفیشەك كوژرا و هێزەكانی پۆلیسی شارۆكەی پێنجوێنیش لێكۆڵینەوەكانیان دەست پێ كردووەو بەدوای تۆمەتبارانەوەن .

وەك پۆلیسی سلێمانی ڕوونی كردووەتەوە كە هاووڵاتیی ( أ ، أ ، ع ) ی تەمەن 33ساڵ كە بەڕێوەبەری ئاوی ناڵپارێزە ئەمڕۆ بە فیشەك كوژرا، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كراو.

لە كۆتایشدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە هێزەكانی پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و گرتنی تۆمەتبارانی ڕووداوەكەن و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكانی پۆلیسیش هۆكاری ئەو ڕووداوە كێشەی كۆمەڵایەتی بووە .

پێنجوێن/ ڕێبین پێنجوێنی 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم