نهێنییەكانی ئازاد كردنی قەشە برونسۆن

:: PM:05:03:15/10/2018 ‌
دوای ئازادكردنی لەلایەن دادگای عەلی ئاغای دووەم لە شاری ئیزمیر، قەشە ئەندرۆ برونسۆن گەیەنرایە ئەڵمانیا و لەوێشەوە بۆ ئەمەریكا، رۆژی شەمووی رابردوو 13ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی پێشوازی لێكرا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە بارەی ئازاد كردنی برونسۆن، بە قەشەی گوت دانوستاندنێكی زۆر درێژ و ماندووكەرمان لەسەر كردی لەگەڵ توركیا، هێمای بۆ ئەوەكرد، ئازاد كردنی برونسۆن "هەنگاوێكی گەورە دەبێت بۆ پێشوەبردنی پێوەندییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا".

لە بەرانبەردا قەشە برونسۆن سوپاسی سەرۆكی ئەمەریكا كرد بۆ هەوڵ و ماندووبوونەكانی و گوتی "بە دڵنیاییەوە لە پێناوی ئێمە جەنگایت".

ئەوەی تا ئێرە هەیە، دیوە راگەیەنراو و بینراوەكەیە لە ئازادكردنی قەشە برونسۆن، بەڵام پێش ئازادكردنی لە دانیشتنی 73ی ساڵانەی نەتەوەیەكگرتووەكان كە دۆناڵد ترەمپ سەركردایەتی دەكرد، سەرۆكی ئەمەریكا و سەرۆكی توركیا لەسەر ئەو پرسە بە نهێنی گفتوگۆیان كردووە، بەگوێرەی زانیارییەكان بەرانبەر بە ئازادكردنی برونسۆن ئەمەریكا ئامادەیی دەربڕیوە كە سەرجەم سزا ئابوورییەكانی لەسەر توركیا هەڵگرێت، تەنانەت پێش ئازاد كردنی بەهای لیرە بەرانبەر بە دۆلار بەرز بووەوە و بەردەوامیشە لە بەرز بوونەوە.

لە دوای رووداوی كودەتا شكستخواردووەكەی 15ی حوزەیرانی 2016 لە توركیا، قەشە ئەندرۆ برونسۆن لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیا بە تۆمەتی خیانەت و سیخوڕیكردن بۆ پەكەكە و دەست هەبوون لە كودەتاكە بۆ بەرژەوەندی فەتحوڵلا گولەن، گیرا. دوای دوو ساڵ لە گرتن و هێشتنەوەی ناچاری لە ماڵەكەیدا كە دواتر دادگا سزای 35 ساڵی بەسەردا سەپاند، بەڵام رۆژی هەینی رابردوو 12ی ئەم مانگە، دادگای كەتنی عەلی ئاغای دووەم بڕیاری هەڵگرتنی هێشتنەوەی ناچاری لەسەر قەشە برونسۆن هەڵگرت و رای گەیاند، برونسۆن سزای مانەوەی ناچاری كە سێ ساڵ و مانگێك بوو تەواو كرد.

سەرتاكەی چۆن بوو؟
دوای 63 رۆژ لە گرتنی، توركیا تۆمەتی پێوەندی هەبوون بە پەكەكە و رێكخراوی فەتۆ كە فەتحوڵلا گولەن سەرپەرشتی دەكات و لە توركیایش ئەو دوو رێكخراوە لە لیستی تیرۆرن، لەسەر ئەو دوو تۆمەتەش دەیداتە.
ئەو رووداوە تەنگژەیەكی دیپلۆماسی لەنێوان ئەمەریكا و توركیا دروست كرد، ئەگەرچی ئەمەریكا زۆر هەوڵیدا ئازادی بكات بەڵام توركیا لە كۆتاییەكانی مانگی ئەیلوولی رابردوو لەسەر زاری رەجەب تەیب ئەردۆغان داوای كرد بەرانبەر بە ئازاد كردنی قەشە برونسۆن، فەتحوڵلا گولەن رادەستی توركیا بكاتەوە، بەڵام ئەمەریكا داواكارییەكەی توركیای رەت كردەوە.

لە كۆتاییەكانی حوزەیرانی 2018، بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی حكوومەتی توركیا بڕیاریدا برونسۆن ماوەی حوكمەكەی لە ماڵ بباتەسەر تا وادەی دادگایی كردنی دووەمی دێت.

ئەو هەوڵەی توركیا، رێی بۆ ئیدارەی كۆشكی سپی خۆشكرد كە ئەمجارە سازش بكات بۆ ئازادكردنی، بەتایبەت كە ئەمەریكا نزیك دەبێتەوە لە هەڵبژاردنی نیوەی یەكەم، بەڵام لە هەمان كاتدا هەڕەشەكان و توندتر كردنی سزاكانیشی دەكرد.

مایك بنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، ئەگەر توركیا برونسۆن ئازاد نەكات ئەوا سزای زیاتر دەخەنە سەر توركیا، تا ئەو كاتەی برونسۆن ئازاد نەكرێت سزاكان هەڵناگیردرێن، ئەمەیش ئاماژەیەك بوو بۆ توركیا كە سزاكانی ئەمەریكا پێوەست كراوە بە چارەنووسی برونسۆن.

قەشە برونسۆن و سزاكانی توركیا
هەڕەشەكانی ئەمەریكا بە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر توركیا كە بەهۆیەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە لیرەی توركی 40%ی بەهاكەی لە دەستدا، هەر دوای رەت كردنەوەی داواكەی جێگری سەرۆكی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ واژووی لەسەر سەپاندنی سزا لەسەر توركیا كرد و رای گەیاند وڵاتەكەی سزای ئابووری دەخاتە سەر توركیا بەهۆی زۆری ماوەی گرتنی قەشە ئەندرۆ برونسۆن.

ترەمپ لە تویتەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتری لەسەر توركیا كرد ئەگەر قەشە برونسۆن ماوەی زۆر لە گرتووخانە بمێنێتەوە و ئازاد نەكرێت، گوتی "برونسۆن پیاوێكی مەسیحی گەورەیە و خانەوادەی هەیە و مرۆڤێكی بەڕێزە، پێویستە دەستبەجێ ئەو پیاوە بێ تاوانە ئازاد بكرێت".

دوای چوار رۆژ لە هەڕەشەكەی ترەمپ، لە مانگی ئابی رابردوو وەزارەتی دارایی ئەمەریكا رای گەیاند، وڵاتەكەی سزای لەسەر عەبدولحەمید جەل وەزیری داد و سلێمان سویلۆ ناوخۆی توركیا سەپاند، روونی كردەوە كە سزاكە لەسەر داوای سەرۆكی ئەمەریكا بووە وەك وەڵامێك دژ بە گرتنی قەشە برونسۆن.

برونسۆن چ پێوەندییەكی بە ئابووری توركیا هەیە؟
گرتنی برونسۆن و سزاكانی ئەمەریكا بەسەر توركیا زیانێكی زۆر گەورەی لەسەر ئابووری و دارایی توركیا دانا، حكوومەتەكەی ئەردۆغان دوای زیاتر لە ساڵێك لە ململانێ و كەمتر لە ساڵێك لە سزاكانی ئەمەریكا، گەیشتە لێواری داڕمانێكی ئابووری و دارایی مەزن كە هەڕەشە بوو لەسەر تەواوی توركیا، دەیان كۆمپانیا مایە پووچ بوونی خۆیان راگەیاند و هەروەها حكوومەت مەرجەكانی سەر وەبەرهێنەرانی بیانی هەڵگرت بە ئامانجی هاندانیان بۆ ئەنجامدانی كاری وەبەرهێنان لە توركیا بەرانبەر وەرگرتنی ناسنامە و رەگەزنامەی توركی، بەڵام هەوڵەكانی بێ سوود بوون.

لە 10ی ئابی رابردوو، پێش دانیشتنەكانی ساڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان، دۆناڵد ترەمپ بەڵێنیدا كە سزای زیاتر و قورستر بخاتە سەر توركیا ئەگەر برونسۆن ئازاد نەكەن، ئەوەشی خستەڕوو كە حكوومەتی توركیا لە دۆسیەی برونسۆن زۆر بە خراپی مامەڵە دەكات،  گوتی " توركیا ناتوانێت هاووڵاتییەكی ئەمەریكی بخاتە گرتووخانە".
هەنگاوەكانی دۆناڵد ترەمپ گرتییەبەر بووە هۆی داڕمانی بەهای لیرە كە لە 2001ەوە لیرەی توركی وەها دانەبەزیوە كە گەیشتە ئەوەی زیاتر لە 600 لیرە بەرانبەر بە 100 دۆلاری ئەمەریكی بێت. هەوڵەكانی توركیا بۆ خۆ لادان و دەرباز كردن لەو تەنگژە دارایی و ئابوورییە بێ ئاكام بوون، تا ئەوەی ئەردۆغان بە ئاشكرا هەڕەشەی لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی وڵاتەكەی كرد ئەگەر لیرە بكەن بە دۆلار ئەوا سزای توندیان دەدات، گوتی "ئەگەر رۆژئاوا دۆلاری هەیە ئەوە ئێمەیش خودامان هەیە".

بەها و گرنگی برونسۆن بۆ دۆناڵد ترەمپ
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر گرتنی برونسۆن، لە نیوەی دووەمی ساڵی دووەمی گرتنیدا ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرنگی زۆری بە دۆسیەی برونسۆن دا، تەنانەت لە ماوەیەكی كەمدا چەندان سزای ئابووری خستە سەر توركیا، دەیان جاریش هەوڵیدا ئازادی بكات.

چاودێران ئەو گرنگییەی ترەمپ دەبەستنەوە بە هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا و ویستی دۆناڵد ترەمپ بۆ پارێزگاریكردن لە بنكەی جەمماوەری خۆی بە مەبەستی دەستخستنی دەنگی ئەمەریكییەكان، بەتایبەت لەو ویلایەتانەی كە بە ویلایەتی داخراو لە رووی ئایینەوە دادەنرێن و خەڵكەكەی زۆر پێوەستن بە ئایینی مەسیحی.

ترەمپ و پارتی كۆماری پێیان وایە هەوڵەكانیان بۆ ئازاد كردنی قەشە برونسۆن بێ پاداشت تێپەڕ نابێت و خەڵكی ئەمەریكا ئەو هەوڵە بە گرنگ و پڕ بایەخ لێی دەڕوانن، بەڵام ئەو پرسە بۆ مایك بنس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دووجار گرنگی خۆی هەیە بەهۆی ئەوەی خۆیشی كەسێكی ئینجلییە وەك قەشە برونسۆن، ئەمەیش پاڵنەرێكی بەهێز بوو لەوەی هەوڵەكانی چڕتر بكاتەوە بۆ ئازاد كردنی برونسۆن.
 
دواجار تەنگژەی برونسۆن بەرەو چارەسەر چوو، دادگای توركیا بڕیاری ئازاد كردنی دا، بەگوێرەی میدیا ئەمەریكییەكانیش رێككەوتنێكی نهێنی لەنێوان توركیا و ئەمەریكا بەرانبەر بە ئازادكردنی، ئەویش خۆی لە هەڵگرتنی سزاكانی سەر توركیا وەك قۆناغی یەكەم دەبینێتەوە، رەنگە لە داهاتوویشدا لە پرسی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتەش، توركیا و ئەمەریكا رێككەوتن بكەن.

بەشێكی تر لە چاودێران، ئەو پرسە دەبەستنەوە بە پرسی دیار نەمانی جەمال خاشقجی رۆژنامەنووس و نووسەری عەرەبستانی سعوودیە كە نیشتەجێی نیویۆركە، بە كەسێكی ئۆپۆزسیۆن دژ بە دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دادەنرێت كە رۆژی دووی ئۆكتۆبەری ئەم مانگە دوای ئەوەی بۆ رایكردنی مامەڵەی هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجەی توێژەر و نووسەری توركی بە مەبەستی هاوسەرگیری سەردانی كونسڵخانەی سعوودیە لە ئیستانبوڵ دەكات، دیار نامێنێت.

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە دەسەڵاتدارانی توركیا تەواوی زانیارییەكانیان بە ئەمەریكا داوە لە بارەی چارەنووسی خاشقجی، ئەمەش وایكردووە دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی ئەمەریكا هەڕەشەی توند لە عەرەبستانی سعوودیە بكەن و داوای ئاشكرا كردنی چارەنووسی خاشقجی لێ بكەن، تەنانەت هەڕەشەی ئەوەیان لە سعوودیە كردووە ئەگەر خاشقجی لەناو كونسڵخانەی عەرەبستانی سعوودیە لە ئیستانبوڵ كوژرا بێت ئەوا سزای قورس دەخەنە سەر ئەو وڵاتە



وشە - فه‌رمان سادق