دوا زانیاری لەسەر هەڵوەشانەوەی قەوارەی بەرەو ئیسڵاحی یەكگرتوو و بزووتنەوە

:: PM:05:43:15/10/2018 ‌
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕای گەیاند، لە نێوان بزووتنەوە و یەكگرتووی ئیسلامی تا ئێستە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەرەو ئیسڵاح نەدراوە و كاری پێكەوەیی بەردەوامە.

بەرەو ئیسلاح بەرەیەكی هاوبەشی نێوان یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامییە كە بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی پەرلەمانی كوردستان پێكهات و توانیان زیاتر لە پێنج كورسی پەرلەمانی بەدەست بێنن.

ئەمڕۆ دووشەم 14ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، د.عەبدوڵا وەرتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە نێوان بزووتنەوە و یەكگرتووی ئیسلامی تا ئێستە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بەرەو ئیسڵاح نەدراوە و كاری پێكەوەیی نێوان ئەو دوو حزبە ئیسلامییە بەردەوام دەبێ‌.

زیاتر گوتی، بەرەو ئیسڵاح ئامانجی گەورەی هەیە و دەیەوێ بەرەكە فرەوان بكات، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر بكەن. هەروەرك دووپاتی لەوەیش كردەوە كە كار دەكەن تا ئامانجەكانی ئەو بەرەیە دەهێننە دی.

پێكهێنانی قەوارەی بەرەو ئیسڵاح لەكاتێكدابوو كە هەوڵی زۆر درا بەرەیەكی ئیسلامی لە نێوان حزبە ئیسلامییەكان پێك بهێنرێت، بەڵام دواتر كۆمەڵی ئیسلامی نەچوونە ژێر باری ئەو بڕیارە و بەرە ئیسلامییەكە شكستی هێنا.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم