خورماتوو.. لە ترسی ڕاپەرینی كوردان هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی جێگیر كرا

:: PM:06:35:15/10/2018 ‌
لە ترسی راپەڕینی كوردانی خورماتوو لە ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر ژمارەیەكی زۆری لە هێزەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە سنوورەكەدا جێگیر كراون و كوردیش سوورن لەسەر ئەوەی سبەی چالاكی ئەنجام دەدەن.

سەرچاوەیەكی پۆلیس لە شارۆكەی خورماتوو بە "وشە"ی راگەیاند، هێزێكی زۆری لیوای 52ی عێراقی و میلیشیا شیعەكان و پۆلیسی ناوخۆ بۆ ڕێگرتن لە هەر جووڵەیەكی كوردانی خورماتوو لەكاتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر لە ناوچەكەدا جێگیر كراون.
 
زیاتر گوتی، هەوڵێكی چڕ لە ئارادایە بۆ گەمارۆدانی گەڕەكە كوردنشینەكان بۆئەوەی رێگری بكرێ لە بەشداری كردنی هاووڵاتییانی كورد لە چالاكییەكان لە ڕۆژی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كە خۆی لەمانگرتن و خۆپیشاندان دەبینێتەوە.
 
لای خۆیەوە عەلی هاشم گوتەبێژی میلیشیا شیعەكان كە هاوكات نوێنەری توركمانە شیعەكانە لە ئەنجوومەنی شارەوانی خورماتوو بۆ "وشە" رەتی كردەوە ڕێ‌ بدەن هیچ چالاكییەكی تایبەت بە 16ی ئۆكتۆبەر ئەنجام بدرێ.

لە بەرانبەردا بورهان عادل جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی داكۆكی لە كوردانی خورماتوو بۆ ئەنجامدانی چالاكی دووپاتی لەوە كردەوە كە لە ڕۆژی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا چالاكی ئەنجام دەدرێت.

خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا، لەگەڵ میلیشیاكان و پاسداران ڕێككەوتن و كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكان كرد، لە بەرانبەر بە تاڵانبردنی نەوتی كەركووك، بەوهۆیەوە نزیكەی 170 هەزار هاووڵاتی كورد لەو سنوورانە ئاوارەبوون و دوو هەزار خانوو و دووكانی خەڵكی كورد لە خورماتوو سووتێنران و تەقێنرانەوە، زمانی كوردی قەدەغەكرا و بەعەرەبكردن بە چڕی دەستی پێكردەوە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە. 

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم