مەسروور بارزانی پەیامێكی بڵاو كردەوە.. 16ی ئۆكتۆبەر گەورەترین خیانەت بوو

:: PM:09:32:15/10/2018 ‌
مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، 16ی ئۆكتۆبەر گەورەترین خیانەت بوو.

لە پۆستێكدا كە لە لاپەڕەی سەرەكی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردووەتەوە، مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نووسیویەتی، ‎پیلانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 گەورەترین خیانەت بوو لە مافی چارەنووسی نەتەوەیەكی چەوساوە كرا، بەڵام لە هەمانكاتدا رووی راستەقینەی خیانەتكارانی بەدیارخست و خاكفرۆشانی لە نیشتمانپەروەران جیاكردەوە.

مەسروور بارزانی دەڵێت، ‎هیوادارم خەڵكی كوردستان و ئاشتیخوازان راستییەكان لەبیر نەكەن و چیتر رێگە نەدەن بۆ پۆست و پایە یاری بە ژیان و چارەنووسیان بكرێت.

خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو لەلایەن گرووپێكی هەرزە و كاڵفامی ناو یەكێتی ئەنجام درا، لەگەڵ میلیشیاكان و پاسداران ڕێككەوتن و كەركووكیان ڕادەستی میلیشیاكان كرد، لە بەرانبەر بە تاڵانبردنی نەوتی كەركووك، بەوهۆیەوە نزیكەی 170 هەزار هاووڵاتی كورد لەو سنوورانە ئاوارەبوون و دوو هەزار خانوو و دووكانی خەڵكی كورد لە خورماتوو سووتێنران و تەقێنرانەوە، زمانی كوردی قەدەغەكرا و بەعەرەبكردن بە چڕی دەستی پێكردەوە و تا ئێستەیش بەردەوامی هەیە.

 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو یەكێك بوو لەو خیانەتانەی لەناو كورد ئەنجام درا، لەو ڕۆژەدا میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی كە بەناپاكەكان ناسراون، هێرشیان كردە سەر كەركووك و داگیریان كرد، ڕۆژەكە بە خیانەتی نیشتمانی دادەنرێت و بە سەتان كوردی شارەكە ئاوارە بوون. خیانەتكاران لە بەرانبەر ڕادەستكردنی كەركووك دەستكەوتی تایبەتیان وەرگرت.

 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم