ئەمرۆ هەینى لە شارەدێى سیروانی سەر بەپارێزگاى هەڵەبجە کچێکى تەمەن 15 ساڵ نەوت به یهخهی خۆیدا دەکات و خۆى دەسوتێنێت.
بەرزان عوسمان وتەبێژى پۆلیسى هەڵەبجە بۆ "وشە" گوتى" ئەمرۆ هەینى لە شارەدێى سیروانى سەر بە پارێزگاى هەڵەبجە کچێک نەوت دەکات بە خۆىدا و گڕ لەخۆى بەردەدات، پاش گەیاندنى بە نەخۆشخانەى ئیمێرجێنسى سلێمانى بەهۆى زۆرى سوتانەکەیەوە گیان لەدەست دەدات.
عوسمان گوتیشى" ئەو کچە لە ماڵى خۆیان خۆى سوتاندوە و نەوتى کردوە بە خۆیدا و تەمەنى 15 ساڵە به ناوى(ل،ح،ن)، خوێندکارە، پێش ئەوەى گیان لەدەست بدات قسەى لێوەرگیراوە و باسى لەوە کردوە کە هۆکارى خۆسوتاندنەکەى دایک و باوکى بوون کە لەیەکترى جیابونەتەوە و ئەویش بەهۆى بێزابوونى خۆى سوتاندوە.
رونیشیکردوە "پەراوى لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و بە بریارى دادوەرى لێکۆڵینەوەى بەدواداچون، لێکۆڵینەوەى زیاتر له رووداوهكه دەکرێت.
خۆ سوتاندنى ئەم کچە تەمەن 15 ساڵەى شارەدێى سیروان لەکاتێک دایە کە دوو رۆژ لەمەوبەر و لەهەمان شارەدێ دا کورێکى تەمەن 15 ساڵ بەناوى (ع،ب) بە دەمانچە فیشەکێک بەسەرى خۆیەوە دەنێت و خۆى دەکوژێت.
بەپێى ئامارێکى بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى پارێزگاى هەڵەبجە لە ساڵى 2015 دا لە هەڵەبجە 5 حاڵەتى خۆسوتاندنى ئافرەتان تۆمار کراون، بەڵام تاکو ئێستا ئامارى ساڵى 2016 بڵاونهكراوهتهوه و بڕیاره وایە لە کۆتایى ئەمساڵ دا پۆلیس ئەو ئامارە رابگەینێت.
هەڵەبجە: سەلام هانەدنى