بەرشەلۆنە چاودێری دوو هێرشبەری نوێ دەكات

:: AM:09:58:16/10/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی خەریكی گەڕانە بەدوای هێرشبەرێكی نوێ بۆ شوێنگرتنەوەی لویس ئێنریكی هێرشبەری ئۆرگوایی بەهۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی بڵاوی كردەوە: كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە بەكردار دەستیان كردووە بە گەڕان بەدوای هێرشبەرێكی نوێوە بۆ ئەوەی لە شوێنی سوارێز یاری پێ بكەن كە ئێستا لە تەمەنی 31 ساڵیدایە و بەم دواییەش ئاستی یاریكردنی دابەزیوە.

بەگوێرەی سەرچاوەكە یانەی بەرشەلۆنە ئەگەر هێرشبەری نوێش بهێنێتە ریزی تیپەكەیەوە ئاوا زوو بەشێوەی یەكجاری دەستبەرداری سوارێز نابێت و بەڵكو بۆ چەند ساڵێكی تریش دەیهێڵیتەوە و یاری پێ دەكات.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد كە یانەكە ئێستا 2 هێرشبەری نوێی خستۆتە بەرنامەكانییەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ بدات.

هێرشبەری یەكەم ناوی نیكۆلاس پێپێ كۆتدیڤوارییە و ئێستا لە یانەی لیلی فڕەنسی یاری دەكات، هێرشبەرەكەی دووەمیش ناوی كرزیستۆف بیاتیكی پۆڵەندییە كە لە ریزی یانەی جەنەوەی ئیتاڵیا یاری دەكات.

هەردوو هێرشبەرەكە لە وەرزی ئەمساڵدا لەگەڵ یانەكانیان ئاستێكی نموونەیی پێشكەش دەكەن، بیاتیك لە 7 یارییدا بە تۆماركردنی 9 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولی ئیتاڵیایە، پێپێش لە خولی فڕەنسا 6 گۆڵی هەیە لەگەڵ دروستكردنی 4 گۆڵی تر بۆ هاوڕێكانی.

چەند سەرچاوەیەكی تریش پێشتر بڵاویان كردبووە كە یانەی بەرشەلۆنە گرێبەستكردنی هەردوو هێرشبەری خولی ئینگلیزی هاری كین لە یانەی تۆتنهام و رۆبەرتۆ فێرمینیۆ لە یانەی لێڤەرپوول خستۆتە بەرنامەی كارەكانی داهاتوویەیەوە، بەڵام تا ئێستا یانەكە بۆ هەردوو هێرشبەرەكە هەوڵی كرداری نەناوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م