"ته‌قه‌ی خۆشی"ی لایه‌نگرانی یه‌كێتی كه خۆی به حزبێكی سۆسیال دیموكرات ده‌زانێ، هه‌فته‌ی ڕابردوو سێ كوژراو و زیاتر له 10 برینداری لێ كه‌وته‌وه. به‌گوته‌ی پسپۆڕان، یه‌كێتی سۆسیال دیموكراتی ته‌نیا وه‌ك دروشم وه‌رگرتووه، خۆیشیان ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ "ته‌قه‌ی خۆشی نین".
سه‌ره‌تاییترین بنه‌ماكانی حزبێكی سۆسیال دیموكرات، دروستكردنی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی و دوور له توندوتیژی و یه‌كسانیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئارامی و ئاسایشی هاووڵاتییانه له هه‌ر بارودۆخێكدا بێت، به‌ڵام هه‌فته‌ی ڕابردوو به‌هۆی ته‌قه‌ی خۆشیی لایه‌نگر و كادرانی یه‌كێتی "سۆسیال دیموكرات"ـه‌وه، سێ كه‌س له سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه كوژران و 10 كه‌سی تریش بریندار بوون، ئه‌وه‌ش بووه جێی نیگه‌رانی و ئازاردانی هاووڵاتییان.
سۆسیال دیموكرات ته‌نیا دروشمه
پسپۆڕان و چاودێرانی سیاسی ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه یه‌كێتی سۆسیال دیموكراتی ته‌نیا وه‌ك دروشم وه‌رگرتووه، ئه‌و حزبه نه‌یتوانیوه بنه‌ماكانی سۆسیال دیموكرات شۆڕ بكاته‌وه و ته‌واوی كادر و ئۆرگانه‌كانی پێ ئاشنا بكات.
شۆڕش عومه‌ر شاره‌زا له بنه‌ما و كاره‌كانی سۆسیال دیموكراته‌كان به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، پێڕه‌وكردنی بنه‌ماكانی سۆسیال دیموكراته‌كان، سه‌ره‌تاییترین شتی پێشێل نه‌كردنی مافی به‌رانبه‌ر و باوه‌ڕبوون به ئازادیی به‌رانبه‌ره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌كێتی و كادره‌كانی به ته‌قه‌ی خۆشیی به خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بنه‌مایانه‌یه.
روونی كرده‌وه كه "یه‌كێتی سۆسیال دیموكراتی ته‌نیا وه‌ك دروشم وه‌رگرتووه، چونكه له كار و هه‌ڵوێست و كاره‌كانیدا ته‌واو پێچه‌وانه كار ده‌كات، سزای خه‌ڵك ده‌دات، نایه‌كسانییه‌كی زۆر هه‌یه له‌ناو حزبه‌كه‌ی و ده‌ره‌وه‌یدا، بڕوای به ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات و هه‌لی یه‌كسان و بیروڕای ئازاد و ماف نییه، ئه‌وه‌ش پێشێلكردنی بنه‌ماكانی سۆسیال دیموكراته‌كانه."
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رده‌وام له زاری به‌رپرسانیه‌وه خۆی به حزبێكی ته‌واو دیموكراسی و پارێزه‌ری ئارامی و ئاسایشی خه‌ڵك داده‌نێت و به‌رده‌وامیش دووپات له ئه‌ندامێتی خۆی له ڕێكخراوی سۆسیال دیموكراته‌كان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی چاودێران باسی ده‌كه‌ن، پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تی.
"یه‌كێتی تا ئێسته هێزی چه‌كداری هه‌یه، به‌شێكی زۆری لایه‌نگر و كادرانی چه‌كدارن و بڕوایان به چه‌ك هه‌یه بۆ خۆشی و ناخۆشی، چه‌ندان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیی ئه‌و حزبه هێزی چه‌كداری تایبه‌تیان هه‌یه، ئه‌مانه ته‌واو دژی هه‌موو بنه‌ما و دروشمێكی سۆسیال دیموكراته‌كانه." شۆڕش عومه‌ر وای گوت.
ئاماژه‌ی دا، "ته‌قه‌كردن به ناوی خۆشییه‌وه هی سه‌رده‌می خێڵه، ناكرێ حزبێكی وه‌ك یه‌كێتی بانگه‌شه‌ی ئه‌ندامێتی سۆسیال دیموكرات بكات و كادرهكانیشی به عه‌قڵی خێڵه‌كی بیر بكه‌نه‌وه."
هه‌رچی یه‌كێتی خۆیه‌تی ئه‌و قسانه ڕه‌ت ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ له بنه‌ڕه‌ته‌وه دژی هه‌موو جۆره ته‌قه‌یه‌كی خۆشی بووین، به‌رده‌وامیش له حاڵه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن و بارودۆخه خۆشه‌كاندا، جه‌ماوه‌ر و هاووڵاتییان و كادرانی ئاگادار كردووه‌ته‌وه كه دوور بكه‌ونه‌وه له ته‌قه‌ی خۆشی.
سامان گه‌رمیانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، یه‌كێتی هه‌میشه دژی ته‌قه‌ی خۆشی بووه و له هه‌ر بۆنه‌یه‌كیشدا به‌رده‌وام هۆشداری دراوه به كادر و لایه‌نگرانی یه‌كێتی كه ته‌قه‌ی خۆشی نه‌كه‌ن.
به‌ڵام دوو رۆژ به‌ر له هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو بۆ په‌رله‌مانی عێراق، بافڵ تاڵه‌بانی كه ئێسته كه‌سی یه‌كه‌می حزبه‌كه‌یه، له ئاهه‌نگێكدا به جه‌ماوه‌ری حزبه‌كه‌ی له ده‌ربه‌ندیخان راگه‌یاند، "خۆتان ئاماده بكه‌ن بۆ ته‌قه‌ی خۆشی". ئه‌وه‌ش دواتر وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك لێك درایه‌وه كه بافڵ زانیویه‌تی ساخته‌كاری گه‌وره ده‌كه‌ن له هه‌ڵبژاردنه‌كه و هه‌رواش كه‌وته‌وه.
قوربانیی هه‌فته‌یه‌ك
سێشه‌می هه‌فته‌ی ڕابردوو كه به‌رهه‌م ساڵح به سه‌رۆك كۆماری عێراق هاته هه‌ڵبژاردن، له سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین، ته‌قه‌ی خۆشی كرا و سێ كوژراو و 10 برینداری لێ كه‌وته‌وه.
له چه‌مچه‌ماڵ دوای دروستبوونی ته‌قه‌ی خۆشی، فه‌رهاد محه‌مه‌د /٤٧ ساڵ/، له ماڵه‌كه‌یه‌وه ده‌چێته ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كانی بێنێته‌وه ژووره‌وه تا تووشی مه‌ترسی نه‌بن، به‌ڵام له گه‌ڕانه‌وه‌یدا له حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی هاواری دڵی ده‌كات و كاتێك خێزانه‌كه‌ی ده‌گاته سه‌ری، ده‌بینێ خه‌ڵتانی خوێن بووه.
فه‌رهاد خه‌ڵكی گوندی مۆردانه‌ی ناوچه‌ی جه‌باری سه‌ر به چه‌مچه‌ماڵه و كوڕی شه‌هید و برای شه‌هیده، تاقانه بوو، له دوای خۆی سێ خوشك و سێ منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ی جێهێشت.
یه‌كێكی تر له كوژراوه‌كان ناوی ئاده‌م سه‌لام /١٨ ساڵ/یه. ئاده‌م كوڕی ماڵباتێكه كه باوك و برایه‌ك و خوشكێكی كه‌مئه‌ندامن و ته‌نیا خۆی بژێوی خێزانه‌كه‌ی په‌یدا ده‌كرد، به‌هۆی دهستكورتیی ماڵه‌وه‌یان وازی له خوێندن هێنابوو.
ئاده‌م له كاتی ته‌قه‌ی خۆشی بۆ به‌رهه‌م ساڵح، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی تری له حه‌وشه‌ی یه‌كێك له ماڵه دراوسێكانی سه‌یری یاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام له پڕدا ئاده‌م ده‌كه‌وێت و به‌ر له‌وه‌ی بگاته نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات.
جگه له‌وانیش، ڕابه‌ر كه‌مال /٢٢ ساڵ/ له گوندی دسكهرهی شاره‌زوور داده‌نیشت، شه‌وی ته‌قه‌كان فیشه‌كێك به‌ر سه‌ری ده‌كه‌وێت و دوای دوو ڕۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و كوژراوانه، له كه‌لار، كفری، ده‌ربه‌ندیخان، سلێمانی، حاجیاوا و ڕانیه، برینداری ته‌قه‌ی خۆشی هه‌بووه.