10 رۆژ ماوە.. حزبەكان هۆشداری دەدەنە عەبدولمەهدی لە سەپاندنی ئەجێندای سەدر

:: AM:11:06:16/10/2018 ‌
لەگەڵ ئەوەی تەنیا 10 رۆژ لە بەردەم عادل عەبدولمەهدی ماوە تا كابینەی حكوومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات، بەڵام گوشار و هۆشداری حزبەكان لە سەپاندنی ئەجێندای موقتەدا سەدر بەسەر حكوومەتی داهاتوو، هاوشانی پێداگیرییان لە پشكەكانیان، دەبنە دوو لەمپەر لەوەی نەتوانێ حكوومەتێكی تەكنۆكرات بباتە پەرلەمان، رەنگە نیوەی بباتە پەرلەمان.

 عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لە هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەتەكەی و ئامادەكردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەرلەمان كە تەنیا 10 رۆژی لە بەردەمدا ماوە، لەگەڵ كەمی كاتی ماوە و گوشاری هێز و حزبە سیاسییەكان لە پێشكەشكردنی كاندیدەكانیان، ئەگەری هەیە عەبدولمەهدی نەتوانێ تەواوی وەزیرەكانی بباتە پەرلەمان و پۆستی چەند وەزارەتێك بە چۆڵی بمێننەوە، رەنگە 12 یان 13 وەزیر لە كۆی 22 وەزیرەكە بباتە پەرلەمان.

سیاسییەكان و پەرلەمانتاران كۆكن لەسەر ئەوەی دواجار عەبدولمەهدی ناچار دەبێت بگەڕێتەوە سەر سیستەمی هاوبەشی كە حزب و هێزە سیاسییەكان كردوویانەتە مەرج بەسەری، ئەمەش ئەوەیە كە موقتەدا سەدر دژیەتی.

بارزانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندنی هاوپەیمانی چاكسازی و ئاوەدانكردنەوە بە سەرۆكایەتی عەماڕ حەكیم، رای گەیاند پێویستە حكوومەتی داهاتوو هاوسەنگی و هاوبەشی و یەكسانی تێدا رەچاو بكرێت، ئەمەش رێك پێچەوانەی ئەو ئاراستەیەیە كە لە بەغدا كاری لەسەر دەكرێت و رێ بە كەسانی شارەزا و بەتوانا درا سیڤییەكانیان پێشكەش بكەن.

ئەو قسەیەی بارزانی لە كاتێكدایە سەرچاوەیەكی ئاگادار لە نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی رای گەیاند كە گفتوگۆكان لەگەڵ حزبەكان تا ئێستە راوێژی بووە و هێشتا هیچ حزبێك كاندیدی پێشكەش نەكردووە بۆ پۆستی هیچ وەزارەتێك. روونی كردەوە حزبە سوننەكان بە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و بەرگری هەنگاویان هەڵگرتووە، رێكخراوی بەدریش كە عامری سەركردایەتی دەكات هەوڵ دەدات وەزارەتی ناوخۆ لەلای ئەوان بمینێتەوە. گوتی "عادل عەبدولمەهدی هەست بە بێ هیوایی دەكات دوای هەندێك لە حزبەكان لە رێككەوتنی نێوانیان كشاونەتەوە، ئەویان تەنیا جێهێشتووە و كەسیان یارمەتی نادەن".
 
سەرچاوەكەی نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی ئەوەشی خستەڕوو كە سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو ویستی ئەوەی هەیە وەزارەتی بەرگری بدات بە هێزە شیعەكان كە لە دوای 2003ەوە بەدەست سوننەوەیە، بە پێچەوانەیشەوە وەزارەتی ناوخۆ بدات بە سوننەكان، پێوەند بە كوردیش ئاماژەی بەوە دا ئەگەر هەیە ئێوارەی ئەمڕۆ 16ی ئۆكتۆبەر، خولێكی تری دانوستاندن لەگەڵ كورد دەست پێ بكاتەوە دوای ئەوەی لایەنی كوردی زیاد لە جارێك دووپاتیان لە جێبەجێكردنی مادەی 140 و گەڕانەوە بۆ كەركووك كردووە.

زیاتر گوتی "پێ دەچێت عەبدولمەهدی نیوەی حكوومەتەكەی بخاتە بەردەم پەرلەمان و لەوێش بەڵێن بدات ئەوەی ماوەتەوە لە ماوەی یەك مانگ تەواوی بكات".

بەڵام پەرلەمانتاران ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر گوشارەكان لەسەر عادل عەبدولمەهدی بەردەوام بن، ئەگەری هەیە داوای لێبوردن بكات و دەست لەكار بكێشێتەوە، یانیش داوای درێژكردنەوەی ماوەی دەستووری بكات.

ئینتسار مووسەوی پەرلەمانتار دەڵێ، ئەو گوشارەی لەسەر عەبدولمەهدی هەیە، ئەگەری هەیە پەرلەمان 15 رۆژی تری بۆ زیاد بكات تا كابینەی حكوومەتەكەی پێشكەش بە پەرلەمان بكات.

لای خۆیەوە رائید فەهمی سكرتێری حزبی شیوعی دەڵێ، گفتوگۆ راوێژكارییەكانی عەبدولمەهدی بەردەوامی هەیە، ئەو كار لەسەر پێكهێنانی حكوومەتێك دەكات كە توانای هەبێت چاكسازی بكات و گوشارەكانی دەرەوە دوور بخاتەوە. گوتی "حكوومەتی داهاتوو وەزیری سەربەخۆ و حزبی تێدا دەبن، بەڵام تا ئێستە كەس نازانێ كێن ئەوانەی دەبن بە وەزیر".
 
بەربەستێكی تری بەردەم كابینەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی، سەپاندنی دنیابینی موقتەدا سەدرە كە رۆڵی گەورە بدرێت بە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ، لە وەختێك حزبەكانی تر بە كورد و شیعە و سوننەوە پێداگرن لەسەر وەرگرتنی پشكی خۆیان لە حكوومەتی داهاتوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو كە لایەنە شیعە و سوننە و كوردەكانیش ئێستە وەها لە عادل عەبدولمەهدی دەڕوانن كە كاندیدی موقتەدا سەدرە نەك كاندیدی رێككەوتن لەسەری نێوان هەردوو بەرە شیعەكە، ئەمەش لە كاتێكدایە بەگوێرەی زانیارییە دزە پێكراوەكان، عادل عەبدولمەهدی لە هەوڵی ئەوەدایە رۆڵی زیاتر بە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ بدات، كە هاوكاتە لەگەڵ سازشی موقتەدا سەرد لەسەر پشكی سائیروون لەو وەزارەتانەی بەریان دەكەوێت، بدرێن بە كەسانی تەكنۆكرات و سەربەخۆ، نەك بدرێن بە حزبەكانی تر.
 
حزبە كوردی و شیعی و سوننەكانیش كۆكن لەسەر ئەوەی كە عادل عەبدولمەهدی نوێنەرایەتی دنیابینی موقتەدا سەدر دەكات لە پێكهێنانی حكوومەت، تەنانەت سەركردەی بەشێك لە حزبەكانی سوننە و شیعە تاوتوێی ئەوە دەكەن كە لە پەرلەمان دەنگ بە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی نەدەن و كێشەی بۆ دروست بكەن، چونكە هیچ یەكێكیان ئامادە نین سازش لە پشكی خۆیان بكەن و بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆش رەخنەیان لە سەپاندنی هەژموونی سائیروون بەسەر بڕیارەكانی عادل عەبدولمەهدی گرتووە، تاكە دەلیچە بۆ تێپەڕاندنی كابینەی حكوومەتەكەی ئەوەیە، عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ سەركردەی هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیروون دانیشتن بكات و ئەوانیش بەڵێنی پشتگیریی پێ بدەن.

هەموو ئەوانە بەو ئاراستەیە دەڕۆن كە هێشتا روون نییە لایەنەكان پشتگیری لە بەرنامە و پلانی عادل عەبدولمەهدی دەكەن یان نا، بەڵام هێشتا ئەو لایەنانە ئاگاداری ناوەڕۆكی بەرنامەكە نین، ئەمەشە زیاتر حزبەكانی نیگەران كردووە.

چاودێران دەڵێن بە هەموو پێوەرێك حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەسەر بنەمای دەستەوارەی سیاسی لەگەڵ حزبەكان نابێت، رەنگە ئەمەش ببێتە هۆكارێك كە حزبەكان بوێری ئەوە نەكەن شكست بە حكوومەتەكەی بهێنن بەهۆی كەمی كات و هەستیاریی دۆخی عێراق.

ئەحمەد شەریفی چاودێری سیاسی دەڵێ، پێ دەچێ كاریگەری دەرەكی و هەرێمایەتی رۆڵی گەورە لەم قۆناغە ببینن و گوشار بخەنە سەر حزبەكان بۆ دابەزاندنی سەقفی داواكارییەكانیان لەسەر عەبدولمەهدی، ئەمەش زۆر لە دۆسیەكان یەكلا دەكاتەوە بەتایبەت پۆستی وەزارەتە سەروەرییەكانی وەك وەزارەتەكانی دەرەوە و ناوخۆ و بەرگری.



وشە - فه‌رمان سادق