رەنگە ئەنخێل دی ماریای ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بۆ ساڵی داهاتوو بگەڕێتەوە خولی نایابی ئینگلیزی.
گرێبەستەكەی دی ماریا لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمان لە هاوینی 2019ی بەكۆتا دێت و تا ئێستاش هەردوولا هیچ رێككەوتنێكی نوێیان بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستەكەیان نەكردووە.
رۆژنامەی (میرۆر)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: دی ماریا كە مووچەی هەفتانەكەی لە یانەی پاریس سان جێرمان 200 هەزار پاوەنە، لەلایەن نوێنەرەكانییەوە ئامۆژگاری كراوە بگەڕێتەوە خولی نایابی ئینگلیزی و ئەمە باشترین كاریشە ئەگەر بۆ ساڵی داهاتوو ئەنجامی بدات.
دی ماریا پێشتر بۆ ماوەی تەنیا وەرزێك لە خولی نایابی ئینگلیزی و لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد یاری كردبوو، بەڵام ئەنجامێكی ئەوتۆی بەدەست نەهێنابوو و لە كۆی بەشداریكردنی لە 32 یاریی وەرزی 2014-2015 لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكان تەنیا 4 گۆڵی تۆمار كردبوو.
رۆژنامەكە لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە یاریزانە تەمەن 30 ساڵییەكە رازی دەبێت بگەڕێتەوە خولی نایابی ئینگلیزی ئەگەر دەستەوارەیەكی گونجاوی لە یەكێك لە یانەكانی ئەم خولە پێشكەش بكرێ.